لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند لەچوارچێوەی بەدواداچوونەکانیان و بەهەماهەنگی ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی توانرا ڕێگری بکرێت لە بەدنەدەرەوەی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر و سەدان کارتی ئەلیکترۆنی،
لەڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ، لە پێناو چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە کارێکی نایاسایی توانرا ڕێگری بکرێت ، لە بردنەدەرەوەی سەدان ( کارتی بانکی ئەلیکترۆنی ) بەشێوازی شاراوە لە لاپتۆپ و پاوەربانک و خواردەمەنی شاردرابونەوە ، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی مەرکەزی عێراقی یە .
هەروەها لەنیو کەلوپەلەکاندا هەندێک ماددەی پزیشکی کە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەبووە دەستی بەسەردا گیرا ،
لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ، دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران کە بڕی ٧ کیلۆ و ١٧٠ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( حەشیش ) یان پێبووە کە بەشێوازی شاراوەیی ئامانجیان بووە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
هاوکات تۆمەتباران لە ئێستادا بە ماددەی ٢٥ لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە .