“كێشەی مووچە نامێنێت و نەوت و بەنزین هەرزان دەبێت”



پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهاتوە و هیچ بیانویەکیش بۆ دواکەوتنی مووچە نەماوەتەوە و دەشڵێت: “بەردەوام دەبین لەهەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران”.

د.بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای پەسەندکردنی بودجە، گەشەیەکی ئابوری لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دێتە ئاراوە، ئەمەش لای هەموان ڕوون دەبێت، ئەگەر بیانوش بهێندرێتەوە تاڕادەیەک نامەنتقین، چونکە بودجەی مانگانەی هەرێم ترلیۆنێک و 500 ملیار دینارە، جگە لە 50%ی داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتە ناوخۆییەکان کە لەساڵی 2020 بەنزیکەی چوار ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، هەروەها بودجەی سیادی هەیە کە تێیدا بڕی 220 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە، سەرەڕای پارەی هاوپەیمانان، هەروەها لەڕێگەی بودجەی حاکیمەوە دەرمان و بەشەخۆراک ڕەوانە دەکرێت.

وتیشی، “ئەوەی کێشەی سەرەکی بوو، لە 2014ەوە حکومەتی هەرێم بەلێبڕین و پاشەکەوت، مووچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، ئێستا ئەم کێشەیە کۆتایی دێت، مووچەی هاوڵاتیان لەکاتی خۆیدا دێت، هەر بابەتێکیش بهێندرێتە ئاراوە، کە ئەو بەشە بودجەیە بەش ناکات، هیچ ئەسڵ و ئەساسی نیە و بۆ شێواندنی دۆخەکەیە”.

سەبارەت بە نەوت و بەنزین وەك ناوچەكانی دیكەی عێراق، د. بڕیار وتی، “دوای ئەوەی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا دەکرێت چاوەڕوان دەکەین لیترێک بە 150 دینار بدرێتە هاووڵاتیانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە جگە لەوەش لیترێک بەنزین بە 450 دینار ڕەوانەی هەرێم بکرێت”.

دەبارەی پاشەکەوتی مووچە، ئاماژەی بەوەكرد، “دەتوانین گێڕانەوەی پاشەکەوت بەپرۆژە یاسایەکی جیاواز بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرزبکرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، جگە لەوەش حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەبڕیارێک پاشەکەوت بگەڕێنێتەوە، یان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان بەبڕیارێک حکومەت پابەندبکرێت بەدانەوەی پاشەکەوت، چونکە ئەم مافە مافێکی زەوتکراوی هاوڵاتیانەو ئەمڕۆ بێت یان سبەی دەیگەڕێنینەوە”.

 

کۆچکردن لەهەرێم و عێراق بۆ دەرەوە بەردەوامە
پێت کۆچکردن لەهەرێم و عێراق بۆ دەرەوە بەردەوامە
مەسرور بارزانی هۆكاری سەردانەكەی بۆ لای ئەردۆغان ئاشكراكرد
دوات مەسرور بارزانی هۆكاری سەردانەكەی بۆ لای ئەردۆغان ئاشكراكرد
پەیوەنیدر