دوای ئەنجامدانی پشکنینی DNA تەرمی 39 کوردی ئێزیدی کەلەدەوروبەری شنگاڵ دۆزرابوونەوە رادەستی خانەوادەکەیان کران و بڕیاریشە لەڕێوڕەسمێکی سەربازیدا لە زێدی خۆیان پێکەوە بەخاک بسپێردرێن.
لەدوای نەمانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لەناوچەکە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی ئەو کوردە ئێزیدیانە بەردەوامە کەلەسەر دەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە کۆمەڵکوژ کران و ، تائێستا بە پێنج کاروان تەرمی کوردانی ئێزدی ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە ، یەکەمجاریشە پزیشکی دادی موسڵ ڕووفاتی 39 کەسیان ڕادەست دەکاتەوە، ئەوانی دیکە کە 162 ڕووفات بوون بە چوار قۆناخ لە لەپزیشکی دادی بەغداوە ڕادەستی کەسوکاریان کرابوونەوە،ئەوە لەکاتێکدایە، 95 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردی ئێزدی دۆزراونەتەوە و لەو ژمارەیە تەنیا 43 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
بڕیاربوو کاژێر 07:00ی بەیانی ڕووفاتی ئەو کوردە ئێزدییانە ڕادەستی کەسوکاریان بکرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی تابوتی پێویست لە پزیشکی دادی موسڵ ، ڕێوڕەسمەکە دواکەوت و کەسوکاریان لەسەر ئەرکی خۆیان تابووتیان بۆ تەرمەکان کڕی و ناچاریان کردن ئاڵای عێراقیش بکڕن و لە تابووتەکەی بئاڵێنن، ئینجا توانیان تەرمەکان وەربگرنەوە.