لوئەی فازڵ دەرهێنەری سینەمای عێراقیی دوای نزیكەی هەفتەیەك لە دیارنەمانی، ئەمڕۆ تەرمەكەی لە پزیشكی دادی بەغدا لەلایەن كەسوكارەكەیەوە ناسرایەوە و بڕیاریشە پاش رێكارەكان، بەخاكبسپێردرێت.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە بەغدای پایتەخت ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس تەرمی لوئەی فازڵیان لەكەناری روباری دیجلە دۆزیەوە، ماوەی پێنج ڕۆژە تەرمەكەی لە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری بەغدایە ، و ئەمڕۆ دوشەممە، بنەماڵەی لوئەی فازڵ تەرمەكەیان ناسیوەتەوە، ئێستاش لە پرۆسەی تەواوكردنی ڕێكارەكانی وەرگرتنیدان، پاش تەواوكردنی رێكارەكان تەرمەكەیان رادەستدەكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان ، تەرمەكە هیچ نیشانەیەكی ئەشكەنجەدان و تەقەكردنی پێوە دیار نیە، هۆكاری گیانلەدەستدانەكەی پێدەچێت تەنها خنكان بێت لەناو ئاودا.
جەبار جودی – نەقیبی هونەرمەندانی بەغدا بە کەناڵی دیجلەی ڕاگەیاند “ماوەی چەندڕۆژێکە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی گەڕانین بەدوای لوئەی دا بەردەوام چاودێری کامێراکان و سەرجەم ئەو شوێنانەمان کردووە کە گومانمان هەبو ئەو دەرهێنەرەی بۆ بچێت بەڵام بەداخەوە دواجار لە پزیشکی دادوەری تەرمەکەیمان دۆزییەوە.”
دەرهێنەر و نوسەری سینەمای عێراقی لوئەی فازڵ لە ساڵی 1982 لە عێراق لەدایك بوە، هەریەك لە فیلمەكانی پاستێل و فڕێم هەردوكیان خەڵاتی دوەمیان لە یەكەمین فێستیڤاڵی فیلمی كەنداو بۆ فیلمی دۆكیۆمێنتاری بەدەستهێناوە.
هەروەها فیلمی كۆتۆن 2012 لە فێستیڤاڵی فیلمی كەنداو خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بۆ فیلمی كۆتۆن بەدەستهێنا