جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی هەڵەبجە دەكات و كۆمەڵگەی خۆراكی راسانی بەسەر دەكاتەوە، كە هەزار هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاكە دابین دەكات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران لە سەردانەكەیدا بۆ هەڵەبجە پشتگیری تەواوی خۆی بۆ وەبەرهێنەرانی پارێزگاكە و كۆمەڵگەی خۆراكی راسان دەربڕی و ئامادەیی خۆشی دەربڕی، كە هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی شارەكە بكات.
قوباد تاڵەبانی داوای لە وەبەرهێنەران كرد، كوالێتی بەرهەمەكانیان پێویستە بە جۆرێك بێت، كە نەك هەر بتوانن لە بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستاندا ڕكابەری بەرهەمە بیانییەكان بكەن، بەڵكو دەبێت پلانی تۆكمە دابنێن تا بتوانن بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ساغ بكەنەوە، چونكە گەورەترین بازاڕی پیشەسازی خۆراكی كوردستان لە ساڵەكانی داهاتوودا ناوەڕاست و باشوری عێراقە.
كارگەی شیرەمەنی ڕاسان بڕیارە تا ساڵێكی دیكە كارەكانی تەواو بكرێت و هەموو شیری ئاژەڵدارانی ناوچەكە بكڕێتەوە و بەمەش كەرتی ئاژەڵداری لە ناوچەكە گەشەیەكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. هەروەها بە تەواوبوونی كارگەكە، نزیكەی 1000 هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و دەورووبەری دەڕخسێنێت.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ كۆمەڵگای خۆراكی ڕاسان، كارگەی ڕۆنی زەیتونی ڕاسان-یشی بەسەر كردەوە، كە ئەم كارگەیە لە ساڵی 2018وە دامەزراوە و بەرهەمەكانی بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق و دەرەوەی وڵات هەناردە دەكات. ئەم كارگەیە جگە لەوەی ژمارەیەك بەرچاو هەلی كار ڕەخساندووە، كاریگەریشی هەبووە لەسەر سەوزتربوونی ژینگەی هەڵەبجە و بەهۆیەوە ژمارەی دار زەیتونەكانی هەڵەبجە بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردوە، كە تەنها لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 50 هەزار دار زەیتوون ڕووێندراوە.