ڕێکخراوێکی تایبەت بە منداڵان دەڵێت؛ نزیکەی ١٠٠ منداڵ لە ناو ئەو بەلەمە ماسیگرهدا بوون کە کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو و لە کەناراوەنەکانی نیمچەدوورگەی مۆرا، لە یۆنان ژێرئاو كهوت.
رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی منداڵپارێز، رایگەیاندووە کە شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن پێدەچێت نزیکەی ١٠٠ منداڵ لەناو ئەو بەلەمەدا گیریان خوارد بێت، کە دوێنێ ژێرئاو كهوتووه.
بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە میدیاکانی یۆناندا بڵاوكراوهتهوه، یەکێک لە رزگاربووانی رووداوەکە رایگەیاندووه نزیکەی ١٠٠ منداڵ لە ناو بەلەمەکەدا بوون.
سەرۆکی هاوپەیمانی چەپی رادیکاڵی یۆنان، ئەلێکسیس سیپراس کە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی رووداوەکە چووە شاری کالامتا رایگەیاند، سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە کۆچبەران هۆکاری روودانی ئەم کارەساتەیە و ئەم سیاسەتە پێویستیی بە گۆڕانکاری هەیە و وتی: “پاراستنی ژیانی مرۆڤ گرنگترە لە پاراستنی سنوورەکان”.
بەلەمێکی ماسیگر کە کۆچبەرانی نایاسایی هەڵگرتبوو، لە سنوورە ئاوییەکانی نیمچەدوورگەی مۆرا لە یۆنان ژێرئاو كهوت و لە ئەنجامدا ٧٩ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٠٤ کەسیش رزگارکران و هێنرانە بەندەری کالامتا.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند کە ٤٧ لەو پەنابەرانە سوورین، ٤٣ کەسیان میسرین، ١٢ کەسیشیان پاکستانین و دووانیشیان فەڵەستینین.
بەپێی زانییارییەکانی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی (Alarm Phone)، نزیکەی ٧٠٠ کەس لە بەلەمەکەدا بوون، هەوڵیان دەدا لە ناوچەی تۆبرۆک رۆژهەڵاتی لیبیاوه بەرەو ئیتاڵیا کۆچ بکەن.
دوای رووداوەکە لە یۆنان بڕیار درا سێ رۆژ “ماتەمینیی نیشتمانی” رابگەیەنرێت.