ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت؛ ئەگەر هەرێم و بەغدا پابەندبن بەڕێکەوتنەکەی نێوانیان و یاسای بودجە، بووژاندەوەی باش لەهەرێمی کوردستان روودەدات .
عەلی حەمەساڵح ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەڕلەمانی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی، “ئەگەر بەغداو هەرێم پابەندبن بەرێکەوتنەکە و یاسای پەسەندکردنی بودجەی 2023 و 2024 و 2025، دەستێکی ئەمین و پلان هەبێت، بوژانەوەیەکی باش ڕودەدات”.
عەلی حەمە ساڵح نووسیویەتی؛ “یەک ترلیۆن و 203 ملیار دینار مانگانە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، داهاتی ناوخۆش 260 ملیار دینار دەمێنێتەوە، بەمەش مانگانە یەک ترلیۆن و 463 ملیار دینار لەبەردەستی حکومەتی هەرێم دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پرۆژەی ستراتیژی رێگەوبان و بەنداو کە دەبنە زیاتربوونی داهات و هەلیکار، دامەزراندنی یەکەمەکان و خۆبەخش و گرێبەستەکان دەبێت بیریان لێبکرێتەوە، هەمووی لەو پارەیەی بەردەستی حکومەت دەتوانرێت جێبەجێبکرێت.
عەلی حەمەساڵح ئەوەشی نووسیوە، داهاتی ناوخۆ زیاد دەکات و گەشبینیشم بەوە، پرۆژەکانی رێگەوبان دەستپێبکەنەوە و لە 25ی مانگ مووچە بدرێت، جوڵەی پارە دروستدەبێت، بەمەش خەڵک باج و رسوماتەکان دەدات، ئەمەش دەستێکی ئەمین و پلانی دەوێت.
دەشڵێت، “920 ملیار دینار بۆ موچە و 100 ملیار دیناریش بۆ خەرجی فەرمانگەکان دەڕوات، هێشتا 443 ملیار دینار لەبەردەستی حکومەت دەمێنێتەوە بۆ پرۆژەکان”.