وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، گەڕانەوەی ٢٢ خێزانی ئاوارەی دیکە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ٢٢ خێزانی ئاوارەی دیکە کە ژمارەیان ١٦٦ کەسە و لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر سەربە پارێزگای ھەولێر نیشتەجێبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە سەنتەری شاری مووسڵ، قەزای تەلەعفەر، ناحیەکانی حەمام عەلیل و مەحلەبییە سەربە پارێزگای نەینەوا.
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا، نزیکەی ٥،٥ ملیۆن عێراقی دەربەدەربوون کە بەشێکیان وەک ئاوارە روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و بەشێکی دیکەشیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کرد.
لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان، گەڕاونەوەی ئارەزامەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە.