کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی رایگەیاند، ماوەی 3 مانگە دەرماڵەیەك بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران ھاوشێوەی پەرلەمان و پاڵپشت بەیاسا بەستراوەتەوە، بەڵام دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو دەرماڵەیە راگیراوە
ئەنجوومەنی کۆمسیارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت:” سەبارەت بە دەرماڵەی ئەنجومەنی کۆمسیاران كە جاروبار لێرە و لەوێ باس دەكرێت و زۆرجار بەمەبەست یان بێمەبەست شتانێكی ھەڵەو ناڕاست دەخرێتەڕوو، ڕایدەگەیەنین كە ئەنجومەنی كۆمسیاران ھەموو دەرماڵەكانی پاڵپشتە بە بڕگەی [ ١ , ٢ ] ماددەی هەشتەم لە یاسای کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ، كە مافی موچەو دەرماڵەی هەیە”.
دەشڵێت:”ساڵانەش دیوانی چاودێری دارایی پیاچوونەوە بۆ سەرجەم كارە داراییەكانی كۆمسیۆن دەكەن و تا ئێستا ھیچ ناڕوونی و نایاسایی بوونێك لە كارەكانیدا نەبووە.
لەسەر بنەمای بڕیاری پەرلەمان، ماوەی ٣ مانگە دەرماڵەیەك ھاوشێوەی پەرلەمان و پاڵپشت بەیاسا بەستراوەتەوە، كە مافێكی یاسایی ئەو بەڕێزانەیە بۆیان بەستراوە، سەرەڕای ئەوەش لە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو دەرماڵەیە ڕاگیراوە”.
لە روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، ئەندامانی ئەنجومەن بەپێی یاسا ئیمتیازاتی بریكاری وەزیریان ھەیە، كەچی زیاتر لە ھەشت ساڵە لەزۆربەی ئەو ئیمتیازاتانە بێبەشە. كە مافی ئەندامانی ئەنجومەن بوو لە سەرەتای دەست بەکاربونیان تەواوی ماف و ئیمتیازاتیان وەربگرتایە، واتە ماف و ئیمتیازاتی شایستەی خۆشیان بۆ نەبەستراوەتەوە، بۆیە پێمان سەیرە لێرەو لەوێ باس و خواستی سەیر بڵاو دەکرێتەوە و بابەتەكان بەلاڕێدا دەبرێت و بۆ مەرام و مەبەستی تر بەكاردێت.
سەبارەت بە ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی کۆمسیاران راشیگەیاندووە:” زۆر پیشەییانە مامەڵەی کردوە، بەر لە 6 مانگ لە وادەی تەواو بونی ماوەی یاسایی خولی یەکەم نوسراویان ئاراستەی پەرلەمان کردوە و بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە و دواتریش دوو نوسراوی تری بۆ هەمان مەبەست داوەتە پەرلەمان”.
کۆمسیۆن لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە:” کۆتایی کۆمسیۆن دەزگایەکی کراوەیە بۆ هەر لایەنێکی چاودێری و پەیوەندیدار تا ڕاستیەكان ببینێت. پێویستە میدیا و میدیاكارانیش بۆ میسداقیەتی خۆیان ھەواڵ و بابەتی دروست و پشتراسکراوە بڵاو بكەنەوە و خۆیان دور بگرن لە ھەواڵ و شیكاری نادروست و بێبنەما”.