سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه وه‌ك خۆی ماف و شایسته داراییه‌كانی كورد دابین ده‌كات و دەشڵێت: “له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌ردن، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی یاسایه‌كی گونجاو”.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێكی نووسینگه‌ی سەرۆكی یەكێتی، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له هه‌ولێر پێشوازیكرد له میكێلێ كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان و له دیدارێكدا كه ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و د. رێبوار ئیسماعیل، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئاماده‌بوون، دوایین گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی هه‌رێم گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌كرا و پرسی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێم و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه یاسای بودجه ته‌وه‌رێكی تری گفتوگۆكان بوو.
بافڵ تاڵه‌بانی رایگه‌یاندووە، كه “یه‌كێتی هێزێكی پابه‌نده به پاراستنی پایه‌كانی دیموكراسی و له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌ردین، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی یاسایه‌كی گونجاو، كه دادپه‌روه‌ریی تێدابێت و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی قۆناغه‌كه و خواستی هه‌موولایه‌ك بێت”.
له‌باره‌ی بودجه‌ی عیراق و هه‌وڵه‌كان بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری، وتی: “هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی و نه‌هێشتنی جیاكاری بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م خواسته‌كانی هه‌رێم نه‌بوو، به‌ڵام ئێستاش پێمانوایه جێبه‌جێكردنی یاساكه وه‌ك خۆی ماف و شایسته‌داراییه‌كانی كورد دابین ده‌كات و چیتر ژیان و قووتی خه‌ڵك شه‌ڕی سیاسی پێوه‌ناكرێت”.