شارەزایەكی كاروباری زێڕ ڕایدەگەیەنێت، كە نرخی زێڕ دابەزیوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا زیاتر دادەبەزێت و هۆكارەكەشی ئاشكرادەكات.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی دابەزیوە و نرخی یەك ئۆنسە لە 2048 دۆلارەوە هاتۆتەخوار و ئەمڕۆ بە 1955 دۆلار بووە.
وتیشی، “لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دابەزینی نرخەكەی دوو ئامانجی پێكاوە، بەجۆرێك گەیشتە 1924 دۆلار و كەمێك بەرزبووەوە ئەمڕۆ بۆ 1955 دۆلار، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر دادەبەزێت و ئەوەی ئەمڕۆ تەنها ڕیسكێك بووە و زیاتر دادەبەزێت”.
ئاشكراشی كرد، ئامانجی دابەزینی بۆ نرخی 1974 دۆلار پێكا و دواتر بۆ 1945 و ئێستا چاوەڕێیە دابەزێت بۆ 1913 دۆلار و دواتریش دەچێتە ناوچەی دابەزینی 1866 و دواتر 1809 دۆلار.
سەبارەت بە هۆكاری دابەزینی بەهای زێڕ ڕوونی كردۆتەوە، كە هەڵئاوسان لە ئەمریكا بەڕێژەی 4% دابەزیوە و نرخی سوو وەك خۆی بەجێگیری هێڵدراوەتەوە، كە 5.25%ە و بەرپرسانی ئەمریكا جەخت لەوە دەكەنەوە، كە ئەمساڵ ڕێژەی سوو بەرزدەكەنەوە تا ڕێژەەی هەڵئاوسان دادەبەزێت بۆ 2% و گەشەی ئابووری زیاتر دەبێت.
وتیشی، “ئەمڕۆ نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 468 هەزار دینارە و عەیاری 21 بە 411 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 348 هەزار دینارە”.