سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نابێ چیتر پڕۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و پێویستە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سەربازیی بەریتانی كرد بە سەرۆكایەتیی مارشاڵ سامی سامپسن، گەورە ڕاوێژكاری بەرگریی بەریتانی.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، له دیدارەكەدا كە ڕۆزی كەیڤ، كونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كرا.
مەسرور بارزانی جەختی كردەوە لە گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و ڕێزگرتن لە ڕێككەوتنەكانی نێوان هەردوولا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان، تایبەت بوو بە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەم ڕووەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێ چیتر پڕۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و پێویستە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت”.
مەسرور بارزانی دووپاتیكردەوە، “حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەی هەموو هاریكاری و هەماهەنگییەكە بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیركردنی زەوی جووتیارانی كورد لەم ناوچانە هەروەها پشتگیری كردنی دامودەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، چەند لایەنیكی دیكەی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو”.