بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی باڵای ئەمنی كرد و ڕایگەیاند، دەبێت لە هەموو قۆناغەكاندا ئەركی لەپێشینە و بەرپرسیارێتی سەرەكیتان پاراستنی ژیانی خەڵك و چەسپاندنی یاسا بێت.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لە دەباشان بەڕێوەچوو، هەریەك لە جەلال شێخ ناجی، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەكانی دەزگای ئاسایش و پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسكەری، لێپرسراوی هەواڵگریی پێشمەرگە و دیار عومەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان ئامادەبوون.
بەپێیی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكەدا دوایین گۆڕانكارییە ئەمنییەكان و هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەكانی نێوان هەرێم و عیراق گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و ژیانی هاووڵاتییان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی ئەرك و بەرپرسیارێتیی هێزە ئەمنییەكان ئامادەبووانی بەرچاوڕوون كرد و رایگەیاند، دەبێت لە هەموو قۆناغەكاندا ئەركی لەپێشینە و بەرپرسیارێتی سەرەكیتان پاراستنی ژیانی خەڵك و چەسپاندنی یاسا بێت.
وتیشی، “نابێت بەهیچ شێوەیەك بوار بۆ پێشێلكاری و یاساشكێنی بهێڵنەوە و بەتوندترین شێوە رووبەڕووی ببنەوە”.
جەختیشی كردەوە، دڵنیام بە پاڵپشتی و هاوكاریی هەموومان دەتوانین لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدا بین و مێژوویەكی درەوشاوە بۆ هێزەكانمان تۆمار بكەین وەكئەوەی هەمیشە كردوومانە.