قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بە ئارایشتگاكان و ئەو كەسانە دەدات، كە كاری تاتۆ دەكەن و دەڵێت: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند كەسێك دەستگیركراون.
هیوا ساڵح، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند؛ تێبینیمان كردوە، كە هەندێك لە ئارایشتگاكان و ئەو كەسانەی كاری تاتۆ دەكەن دەچنە دەرەوەی ئارایشتگاكان و لەماڵاندا كاری تاتۆ دەكەن، ئەمەش بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی رێگە پێنەردراوە.
نوێنەری تەندروستی سلێمانی، هۆشداریدا بە سەرجەم ئارایشتگاكان و ئەو كەسانەی كاری تاتۆ دەكەن، “دەبێت تەنها لەناو ئەو ئارایشتگایانەدا كاری تاتۆ بكرێت بڕوانامەی تاتۆكردنیان لەدەرەوەی وڵاتەوە بەدەستهێناوە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، هەروەها بۆ ئەو كەس و شوێنانەی مۆڵەتی تاتۆكردنیان نییە بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێنادرێت تاتۆ دروست بكەن، بەپێچەوانەوە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە ئارایشتگاكە و ئەو كەسەشی كاری تاتۆ دەكات ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی دەكاتەوە”.
هیوا ساڵح ئەوەشی ئاشكراكرد، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند كەسێك دەستگیركراون، كە بەشێوەی گەڕۆك و لە ماڵاندا كاری تاتۆیان كردوە و بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی ڕوبەڕوی ڕێكاری یاساییە توندەكان كراونەتەوە.
نوێنەرەكەی تەندروستی سلێمانی داواشی لە هاووڵاتیان كرد؛ لەپێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان رێگە نەدەن بەدەر لەو شوێنانەی مۆڵەت كاركردنیان هەیە كاری تاتۆیان بۆ بكرێت، هەر هاووڵاتییەكیش تێبینی كرد كاری تاتۆ بەدەر لە ئارایشتگا مۆڵەت پێدراوەكان دەكرێت پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە بكەن.
لەكاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سكاڵا و زانیاری بەقایٔیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەكان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بكەن.