حكومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو لە هەموو 25ی مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات و ماوەی چەند مانگێكە بەڵێنەكەی شكاندووە و لە ئێستاشدا بەبیانووی “كەمی داهات” دابەشكردنی مووچەی زیاتر دواخستووە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەسەر زاری وتەبێژەكەی و وەزارەتی داراییەوە بەڵێنی ئەوەی بە مووچەخۆران دەدا، كە لە “هەموو 25ی مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن و تا كۆتایی مانگ و چەند ڕۆژێكی كەم كۆتایی بە دابەشكردنی دەهێنن”، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەو بەڵێنەیان شكاند و دابەشكردنی مووچەیان دواخست بۆ 4 و 5ی مانگی دواتر و بە ماوەی 20 ڕۆژ كۆتاییان بە دابەشكردنی مووچە دەهێنا.
لەدوای ڕاگرتنی نەوتی هەرێم بەهۆی بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە و ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە، دابەشكردنی مووچە زیاتر دواكەوتووە و لە مانگی ڕابردوودا لە 14ی ئایارەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 4 كرا و ئەمڕۆش، كە 14ی حوزەیرانە هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 5 دیاری نەكراوە.
حكومەتی هەرێم بیانووی بۆ دواخستنی مووچە ئەوەیە، كە داهاتی كەمی كردووە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، لەكاتێكدا مانگی ڕابردوو 800 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردرا و ئەم مانگەش بڕیارە لەم یەك دوو ڕۆژەدا 400 ملیار دینار بگاتە هەرێم ئەمە سەرەڕای “داهاتی ناوخۆ و ساخ كردنەوەی نەوت لە بازاڕی ناوخۆ و فرۆشتنی بەشێكی بە تانكەر” وەك بەشێكی پەرلەمانتاران دەڵێن.
دابەشنەكردنی مووچە لەكاتێكدایە، كە تەنها 13 ڕۆژ ماوە بۆ جەژنی قوربان و مووچەخۆران چاوەڕێی مووچە دەكەن تاوەكو پێداویستییەكانی جەژنی پێ بكڕن.