وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، دەستگیركردنی 22 ژن لە رۆژئاوای شارەكە ڕادەگەیەنێت كە تۆمەتبارن بە كاری لەشفرۆشی و فاڵچێتی.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لە بوونی چەند دیاردەیەكی نەشیاو دەكرا، هێزەكانمان ئاگاداركرانەوە و دەستمان بە لێكۆڵینەوە كرد”.
بە وتەی هۆگر عەزیز:”توانیمان ئەمڕۆ چەند ژنێك لە چەند شوێن و چەند شەقامێكی گشتی دەستگیربكەین كە كاری فاڵچێتیان دەكرد، لە پاڵ ئەویشدا كاری لەشفرۆشیان دەكرد”.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت:”ژمارەی دەستگیركراوەكان 22 ژن بوون، تەمەنیان لە نێوان 15-55 ساڵاندا بووە، شەشیان خەڵكی سوریان، سیانیان خەڵكی شارەكانی دیكەی هەرێمن، یەكیان ئێرانییە، سیانیان خەڵكی موسڵن و نۆ كەسیشیان نیشتەجێی شاری هەولێرن”.
هۆگر عەزیز ڕایگەیاندووە:”ئەوانەی دەستگیركراون، بە زۆری لەسەر شەقامە گشتییەكانی رێگەی مەخمور و لە بەشی رۆژئاوای هەولێر بوون، لە ئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخراوە تا رێڕەوە یاساییەكەی خۆی وەربگرێت”.