وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی ھەرێم ئاشکرایکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغێکی گرنگی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان تەواو دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، 13/6/2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە پیدرۆ مارتینیز، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و خولیان گارسیا ڤاڵڤێرد، خاوەنی کۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ی ئیسپانی.
لە راگەیەندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە پڕۆژەی هێڵی ئاسن لەهەرێمی کوردستان، تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو، ئەم پڕۆژەیە لەئێستادا لەقۆناغی کەڵکی ئابوریدایە (feasibility study) و لەلایەن کۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ی ئیسپانییەوە جێبەجێ دەکرێت، لەمڕوەوە خاوەنی کۆمپانیاکە دڵنیاییدا بە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەکانی قۆناغی کەڵکی ئابوری تەواو دەکەن و راپۆرتی کۆتایی پێشکەشی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی دەکەن، کە ئەوەش قۆناغێکی گرنگی پڕۆژەکەیە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەد هەردولا هاوڕا بون لەسەر ئەوەی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە سەرەتاو هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتو کاری هاوبەش و پڕۆژەی گەورەتر بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان.