هەرچەندە بەشێوەیەكی لەناكاو بڕگەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە كۆتایی دانیشتنی پەرلەمان لە شەوی پەسەند كردنی بودجە خرایە دەنگدانەوە، بەڵام بەبێ ژماردنی دەنگەكان سەرۆكی پەرلەمان وتی، “دەنگی نەهێنا” بەڵام پەرلەمانتارانی كورد دەڵێن: “دەنگی هێناوە و دەبێت ڤیدیۆی كاتی دەنگدانەكە بڵاوبكرێتەوە”.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ماددەی تایبەت بە پاشەكەوتی مووچە دەنگی هێناوە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان زانی سەرۆك فراكسیۆنە سەرەكیەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناڕازین، وتی دەنگی نەهێناوە.
وتیشی، “خستنە دەنگدان و ژماردنی دەنگەكان ٣٠ چركەی پێ نەچوو”.
ڕاشیگەیاند، لایەنی كوردستانی هەبوو پێی خۆش نەبوو ١٥ هەزار مامۆستا و وانەبێژی كەركوك مووچەكەیان لە هەرێمەوە بخرێتە عێراق، چونكە پێانوابوو لەڕووی سیاسیەوە لەبەرژەوەندی یەكێتیە.
هاوكات، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵای تۆمار کرد لەسەر دانیشتنی ژمارە ٣١ی دوێنێی پەرلەمان تایبەت بە بڕگەی گێرانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم و ژمارەی 133/ فیدڕاڵی 13-6-2023ی پێ درا.
وەك وەزیرە ئەحمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ وتوویەتی، “سکاڵاکە لەسەر حسابکردنی دەنگەکانە، چونکە برگەکە دەنگی پێویستی هێناوە، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڤیدیۆی دەنگدانەکە بڵاو ناکاتەوە و دەڵێت دەنگی نەهێناوە”.