ڕۆژئاوای كوردستان ئەردۆغان شەرمەزار دەكات





جارێكی دیكە هاتنەسەرهێڵی كرداری ئەمریكا و ڕووسیا و سووریا و لە پاڵیشیدا ئێران، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیایان خستە ڕەوشێكی هەستیاری ڕووگیرەوە، بەجۆرێك دەبێت بەبێ حسابكردن بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێرشی سەر ڕۆژئاوا بكات، كە بە زیانی خۆی تەواو دەبێت، یان جارێكی دیكە هێرشەكانی دوابخات وەك جارەكانی پێشوو، ئەوەش ڕووبەڕووی شەرمەزاری و ڕووگیرییەكی ناوخۆیی دەكاتەوە بەرامبەر ڕكابەرەكانی.

ئەندامێكی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستانیش دەڵێت “هێرشەكە مەحاڵە بكرێت، چونكە وڵاتانی بڕیاربەدەست هاتوونەتەسەر هێڵ و دژی ئۆپەراسیۆنی توركیان”.

توركیا لە ژێر گووشاردایە
لەوبارەیەوە فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2019 ڕێككەوتنێك لەنێوان توركیا و ئەمریكا، توركیا و ڕووسیا هەبوو بۆ ئاگربەست، بەڵام هەتا ئێستا هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و توركیا پابەندی ئاگربەستەكە نەبووە.

دەشڵێت “ئێستا هیچ وڵاتێك لەگەڵ ئەو هێرشانەی توركیادا نییە، بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا هەڵوێستی هەیە، وڵاتانی ئەمریكا، ڕووسیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هەڵوێستیان هەیە، هێزەكانی سوریای دیموكرات پاڵپشتییەكی باشیان هەیە”.

فەتحوڵا حوسێنی ئەندامی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (خەڵك) دەڵێت “ئێمە هەتا ئێستا توركیا بەدوژمنی خۆمان نازانین و شەڕی تیرۆر دەكەین، بەڵام توركیا ئێمەی قوڵ نییە و دژایەتیمان دەكات، بۆیە ئێمەش هیچ جێگرەوەیەك و ڕێگایەكمان نییە جگە لە بەرگریكردن لە خۆمان و پڕۆژە سیاسییەكانمان”.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد “لە ماوەی ڕابردوودا كاتێك توركیا هێرشی ئاسمانی كردە سەر ڕۆژئاوای كوردستان ، یەكسەر بە سەدان شاندی ئەمریكایی و ڕوسی و ڕۆژئاوایی سەردانی بارەگای مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكراتیان كرد و هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند كە دژی هێرشی توركیان”.

ئەوەشی خستەڕوو “توركیا سێ‌ جار بۆدوومانی كەمپی هۆڵی كردووە بۆ ئەوەی خێزانەكانی داعش لە زیندان هەڵبێن و جارێكی دیكە ببن بە مەترسی بۆ كورد و هەموو جیهان، توركیا بەرژەوەندی لەگەڵ تیرۆرە و هەمووان ئەوە دەزانن”.

ئاشكراشیدەكات “ئێمە پێمان وایە توركیا هێرشی زەمینی گەورە بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا ناكات، بەهۆی ئەو گووشاری نێودەوڵەتی و ناوچەییەی لەسەری دروستبووە”.

هۆشداری پێنتاگۆن بۆ توركیا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن هۆشداری تووندی دایە توركیا لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان.

پێنتاگۆن لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە “هەندێك لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەم دواییەی توركیا بوونەتە هەڕەشە لەسەر هێزەكانی ئەمریكا كە كار لەگەڵ هاوبەشەكانیان دەكەن لە جەنگی دژی داعش.”

لوێد ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە پەیوەندییەكدا بە خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیای ڕاگەیاندووە، زۆر بە تووندی دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێن لە سووریا.

ئۆستن نیگەرانی خۆشی لە پەرەسەندنەكانی باكووری سووریا نیشان داوە لەوانە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەم دواییە.

ئەمریكا هاوكارییەكانی بۆ هەسەدە بەردەوامی پێدەدات
هەر لەو چوارچێوەیەدا كاربەدەستێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن، كە نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی لێدوانی نییە، بۆ كەناڵی سكاینیوز ڕایگەیاند “لەسەر ڕاسپاردەی ئیدارەی جۆ بایدن هێزەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی كاری فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا بەردەوام دەبن لە دابینكردنی پشتیوانی سەربازی و جەنگی بۆ هێزەكانی سووریای دیموكراتیك، هەروەها بە چەكی پێویست بەتایبەت بۆ پێكهاتە كوردییەكەی هێزەكەی سووریای دیموكراتیك”.

ئەو كاربەدەستە دەشڵێت “ئیدارەی جۆ بایدن بە هیچ جۆرێك ئەو هەڵەیە دووبارە ناكاتەوە كە ئیدارەی پێشووی ئەمریكا كردی، كاتێك بە بڕیاری سەرۆكی پێشوو سووپای ئەمریكا پشتیوانی لە كوردانی سووریا و عێراق نەكرد، چونكە ئەوان ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە كۆتاییهێنان بە تیرۆر لە سوریا و هاوكاریكردنیان پێویستییەكی ستراتیژییە”.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات “توركیا ڕۆڵی خراپ لە سووریا دەگێڕێت، بەتایبەت لە ئیدلب، گرووپە تیرۆرستییەكانی سەر بە قاعیدە تێیدا چالاكن لە ژێر چاوی هەواڵگری توركیادا”.

ئاشكراشیكرد “واشنتن بە توندی هۆشداری داوە لە هەر كردنە ئامانجێكی هەسەدە و ئەوەی بە كردنە ئامانجی هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ سەقامگیری ناوچەكە ناوبردووە”.

هێزی ڕووسیا و سووریا لە كۆبانێ بڵاوەی پێكرا
لەلایەكی دیكەوە ڕووسیا هێزی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد و سووپای سووریاش هێزی ڕەوانەی پارێزگای حەلەب كرد هاوكاتی هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشی زەمینی.

ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەو هێزانەی ڕووسیا ڕەوانەی ئەو ناوچانە كراون كە پێش 10 ڕۆژ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هێزەكانی هەسەدەیان كردە ئامانج لە سنووری كۆبانێ و منبج.

ئاژانسی فڕانس پرێس لە زاری هاووڵاتیانی سنوورەكەوە بڵاویكردەوە “هێزی سەربازی ڕووسیا گەیشتووەتە سنوورەكە و خاڵ و بازگەی پشكنینیان لە هێڵی تەماسی نێوان هەسەدە و ناوچەكانی گرووپە چەكدارەكانی سەر توركیادا داناوە”.

هاوكات ڕووسیا هێزی ڕەوانەی ناوچەكانی نزیك فڕۆكەخانەی مینگ كردووە.

ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس دەڵێت “كۆكردنەوەی ئەو هێزە بۆ ڕاگیرانی هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی توركیایە”.

سەرچاوەیەك لە كۆبانێ دەڵێت :هێزی ڕووسی بڵاوەیانپێكراوە و هێلیكۆپتەریش بەسەر ناوچەكەدا دەسووڕێتەوە.

درەختی نەریتیی كریسمس لە كۆشكی سپی داگیرسێنرا
پێت درەختی نەریتیی كریسمس لە كۆشكی سپی داگیرسێنرا
تۆمەتبارێك دەستگیركرا
دوات تۆمەتبارێك دەستگیركرا
پەیوەنیدر