بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، نرخی نان و سەموون هەرزان دەكرێت و وەزارەتی بازرگانی دەڵێت: “بەرامبەر بە ئارد و غازی هەرزان، 10 نان دەكرێت بە هەزار دینار”.
نەوزاد كامیل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزیران داوایان لە ئێمە كردوە، كە لەگەڵ نانەواخانە و سەموونخانەكان دابنیشین، بۆ ئەوەی لەمەو دوا 10 نان بە هەزار دینار بە هاووڵاتییان بفرۆشن و ئێمەش ئارد و غازیان بە هەرزان بۆ دابین دەكەین”.
ڕێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە بەشێكی زۆر لە نانەواخانەوە و فڕنەكانی سەموون (8 نان و سەمون) كراوەتەوە بە هەزار دینار، بەڵام هەندێكی دیكە ماوە.
ڕاشیگەیاند، لیژنەكانیان بەردەوام دەبن لە بەسەركردنەوەی شوێنە گشتییەكان بۆ چاودێری كردنی نرخ و كوالێتی شتومەك، تا هاووڵاتیان بەشێوەیەكی تەندروستتر بەكاریبهێنن، لەگەڵ ئەوەش كارمان لەسەر ڕێگری كردن لە گرانی نرخی بازاڕ كردووە و بەردەوامیش دەبین.