سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پەسەند كردنی ماددەكانی بودجەی عێراق تایبەت بە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دڵنیابن هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت و سازش لە مافە دەستوورییەکان ناکەین.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵوێستی جوامێرانەی نیشتمانپەروەران لە لایەک و ناپاکیی نیشتمانفرۆشان لە لایەکی تر، لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
دەشڵێت: “دڵنیابن هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت و سازش لە مافە دەستوورییەکان ناکەین”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە شەوی ڕابردوو دوای ململانێیەكی زۆری یەكێتی و پارتی لەسەر چەند ماددە و بڕگەیەكی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تایبەت بە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ماددەی 13 و 14، بە دەنگدان یەكلایی كرایەوە و هەریەكە لە یەكێتی و پارتی-ش خۆیان بە براوە دەزانن و ئەوی تر تۆمەتبار دەكەن بە دژایەتی هەرێم.
بەڵام تا ئێستا بڕگەی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە یەكلایی نەكراوەتەوە و وەك هەندێك پەرلەمانتار دەڵێن: بە ماددەیەكی سەربەخۆ دادەنرێت و سەرجەم فراكسیۆنە كوردیەكان بەو پێشنیارە ڕازین، كە بكرێتە 12% و بەهاوبەشی عێراق و هەرێم بدرێتەوە.