“تائێستا بەڵگەی بردنە دەرەوەی پارەی هەرێم بە نایاسایی نییە”



 

سەرەتای ئەم هەفتەیە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٨٢ ملیار دیناریان لە پارەی دزراوی ئەمیندارێتی گشتی باجەكانی بانكی ڕافیدەین گەڕاندووەتەوە. سودانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا بە خستنەڕووی پارەكان لەبەردەم چاوی كامێراكان، ڕایگەیاند ” زیاتر لە ١٨٤ ملیار دینار لە ئوردونەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق كە هەمووی پەیوەندی هەیە بە كەسێكەوە بە ناوی نور زوهەیر كە تۆمەتباركراوە بە دزی سەدە و لە ڕێگەی ١١٤ چەكی بانكییەوە دزیەكەی كردبوو. ”

سەبارەت بە پارەكانی هەرێم كە چەندین جار لە لایەن بەشێك لە پەرلەمانتارانەوە باس كراوە كە براونەتە دەرەوە، حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم دەڵێت “زۆر قسە كراوه لەسەر بردنە دەرەوەی پارەی هەرێم بەڕێگای نایاسایی،‌ بەڵام هەتا ئێستا هیچ بەڵگەی فەڕمیمان لا نییە. سانسۆرێكی بەهێز نییە لەسەر ناردنەدەرەوەی پارە لەهەرێم.

دەشڵێت “هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە دەبێت لەڕێگەی حكومەتی ناوەندییەوە پارە داوا بكاتەوە، لەگەڵ هەندێك ڕێكخراوی نێودەوڵەتی قسەمان كردووە بەنیازین لەداهاتوویەكی نزیكیشدا بیانبینین ئەگەر هاوكارمان بن. بەڵام بەڵگەكان بایی ئەوەندە نین ئێمە بچین موفاتەحەی ئەو وڵاتانەی پێ بكەین بۆیە بەگەشبینیەوە دەڕوانین ئەگەر عێراق هەر پێشكەوتنێكی هەبێت لەو بوارەوە بەدڵنیاییەوە ئێمەش وەكو هەرێمی كوردستان سوودی لێدەبینین.”

ئاماژەی بە ئەوەش كردووە، “لە گەڕانەوەی پارەكانی عێراق هەرێمی كوردستانیش هاوكاربووە لەو پرۆسەیە چەند كەسێك لەو تۆمەتبارانەی كە هاتونەتە هەرێمی كوردستان ڕادەستی كردوونەتەوه. ”

لە سەرەتای قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە گەڕانەوەی بەشێك لە پارە دزراوەكانی عێراق كرد و بە هەنگاوێكی باش وەسفی كرد، لەو ڕووەوە د. ئەحمەد ئەنوەر دەڵێت “گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هەنگاوێكی باشە و دەستپێكی باشە، ئێمە خۆمان پەیوەندییەكی باشمان هەیە لەگەڵ دەستەی دەستپاكی عێراقدا ڕۆژانە بە تەلەفون قسەمان لەگەڵ دەستەی دەستپاكی عێراق كردووە، هەرێمی كوردستانیش هاوكاربووە لەو پرۆسەیە چەند كەسێك لەو تۆمەتبارانەی كە هاتونەتە هەرێمی كوردستان ڕادەستی كردوونەتەوە. ”

هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان چەندین جار باس لە بردنە دەرەوەی پارە كراوە بە ڕێگای نایاسایی، بەڵام سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم دەڵێت” هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە دەبێت لەڕێگەی حكومەتی ناوەندییەوە پارە داوا بكاتەوە، من خۆم لەكۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بەشداربووم لە قاهیرە لە كۆنگرەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێككەوتنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی زۆر دیدارمان كرد لەچوارچێوەی وەفدی عێراقی هەموویان بەو ئاراستەیە بوون كە ئێمە شتێك داوابكەینەوە بەڕاستی دەبێت لەڕێگەی دەوڵەتی عێراقیەوە بێت. ”

حاكم ئەحمەد ئەنوەر دەشڵێت “لەم قۆناغەشدا كە پەیوەندییەكی باش دروستبووە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا پێموایە كەشێكی باش دەڕەخسێنێت بۆئەوەی هەرێمی كوردستانیش هەر بەڵگەیەك پێشكەش بكرێت كە هەر بڕە پارەیەك چووبێتە دەرەوە ئەوە بەدڵنیاییەوە دەكرێت ئیشی لەسەر بكرێت. ”
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم زیاتر وتی “زۆر قسە كراوه لەسەر بردنە دەرەوەی پارەی هەرێم بەڕێگای نایاسایی،‌ بەڵام هەتا ئێستا هیچ بەڵگەی فەرمیمان لا نییه،‌ هەتا ئێستا پرسی ناردنە دەرەوەی پارە لە هەرێمی كوردستان مەگەر دوای شەڕی دژە تیرۆر تۆزێك ئەمەریكیەكان چاریان كردبێت ئەگەرنا سانسۆرێكی ئەوەندە بەهێز نییە لەسەر ناردنە دەرەوەی پارە، مەگەر ئەو وڵاتەی پارەكەی بۆ دەچێت خۆی كۆت و بەندی هەبێت ئەگەرنا لێرە پرۆسەی ناردنە دەرەوەی پارە لە هەرێمی كوردستان ئاسانە لەڕێگەی نوسینگە و كۆمپانیا ئەهلیەكانەوەیە ئەگەرچی لە ڕابردوودا بەهۆی شەڕی دژە تیرۆر تۆزێك كۆت و بەندی بۆ كراوە بۆیە عێراق و هەرێمی كوردستان هەتا پرۆسەی ناردنە دەرەوەی پارە كۆنتڕۆڵ نەكەن و مامەڵە لەڕێگەی بانكەكانەوە نەبێت بەڕاستی زەحمەتە بەڵگە دەست بكەوێت، ئەو وڵاتانە بەپێی حوكمی قەزایی و بەپێی بڕیار و بەپێی هاوكاریەكی باوەڕپێكراو نەبێت بەڕاستی ئامادە نین بەڵگە لەسەر هیچ كەسێك بدەن لەبەرئەوە ئیشەكە قورسه،‌ بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێت بكرێت. ”

لە ساڵانی ڕابردوو دەنگۆی كڕینی چەندین یەكەی نیشتەجێبوون لە ئەڵمانیا لە لایەن بەرپرسێكی حیزبیەوە بڵاوكرایەوە، لەمبارەیەوە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێت “زانیاریەك بڵاو بوویەوە بەرپرسێك چەندین شوقەی كڕی بوو، بەڵام دەڵێن ئەوانە هیچی بەڵگە نین، لەگەڵ هەندێك ڕێكخراوی نێودەوڵەتی قسەمان كردووە بەنیازین لەداهاتوویەكی نزیكیشدا بیانبینین ئەگەر هاوكارمان بن، بەڵام بەڵگەكان بایی ئەوەندە نین ئێمە بچین موفاتەحەی ئەو وڵاتانەی پێ بكەین بۆیە بەگەشبینیەوە دەڕوانین ئەگەر عێراق هەر پێشكەوتنێكی هەبێت لەو بوارەوە بەدڵنیاییەوە ئێمەش وەكو هەرێمی كوردستان سوودی لێدەبینین. ”

حاكم ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی چەند تۆمەتبارێك هاتونەتە هەرێمی كوردستان لەسەر داوای یاداشتی دەستگیركردن كە لە قەزای عێراقی دەرچووە وەزارەتی ناوخۆو و دامودەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان هاوكاریان كردوون بۆیە “سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراقیش سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد بەنیازیشین لەداهاتوودا بچین سەردانیان بكەین بیرۆكەی ئەوەمان هەیە كە پرۆتۆكۆلێكی كاری هاوبەش پێكەوە ئیمزا بكەین بۆئەوەی بتوانین ئاستی هەماهەنگی و هاوكاریەكان بخەینە چوارچێوەی دامەزراوەیی چونكە ئێستا زیاتر پەیوەندییەكان لەنێوان سەرۆكی دەزگاكە یاخود چەند بەڕێوەبەرێكی گشتیە هەتا بیخەنە شتێكی فەرمی بۆئەوەی بتوانین هەر پێشكەوتنێك هەبێت لەعێراقدا ئێمەش بتوانین سوودی لێ ببینین واتە سوود گۆڕین و شارەزایی گۆڕینەوە دوولایەنە بێت. ”

جگە لەكڕینی شوقەكانی بەرلین، ساڵی ڕابردوو لەسەروبەندی بڵاوبونەوەی هەواڵی مایەپوچ بوونی بانكێكی لوبنان هەواڵی فەوتانی چەندەها ملیار دۆلاری هەرێم لەو بانكە بڵاوبوەوە.

لەسەر بەفیڕۆچوونی پارەی هەرێم لە لوبنان سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم دەڵێت “كێشەی ئێمە ئەوەیە هەرێمكین لەچوارچێوەی دەوڵەتێكدا واتە دەبێت ئێمە موفاتەحەكردنی وڵاتان لەڕێگەی كەناڵی ناوەندییەوە بێت لەبەرئەوەی ئەو كەناڵە چەند ساڵی ڕابردوو چالاك نەبووە بۆخۆی نەیتوانی شتێكی ئەوتۆ لەو هەموو پارەیە بدۆزێتەوە، خاڵێكی تر ئەوەی لوبنان پێموابوو باسی 300-400 ملیۆنێكە كە لەقۆناغی گواستنەوە بووە و لە بانك ماوەتەوە دیلۆت ئاماژەی پێداوە ئەوە ناچێتە چوارچێوەی پارە گواستنەوەی كەسێك، چونكە لە هەرێم نەوت فرۆشراوه،‌ بەڵام بەدڵنیاییەوە هەر پارەی ئەو وڵاتەیە و دەبێت بەدواداچوونی بۆ بكرێت،‌ پار سەرۆكی نەهێشتنی شتنەوەی پارەی لوبنانم بینی وتی دەتوانین ئەگەر ئێوە داوابكەن لەڕێگەی حكومەتی ناوەندییەوە ئێمە هاوكارتان دەبین. ”
لە كۆتایی قسەكانیدا، سەبارەت بەوەی وەك دەستەی دەستپاكی هەرێم چیتتان كردووە كە وەك كاری دەستەكەتان شانازی پێوەبكەن و باسی بكەن لەوتای دروستبوونتانەوە؟

لە وەڵامدا حاكم ئەحمەد ئەنوەر بە دەنگی ئەمەریكای گوت ” كەسێك نیم حەز بە باسكردنی كەسی خۆم بكەم، بەڵام وەك دەستەكە، دەستەی دەستپاكی نزیكەی هەشت ساڵە دروستبووە پرسی دژایەتی گەندەڵی چووەتە ئاستێكی باش بۆنموونە ئێستا ساڵانە 100-200 كەیسی گەندەڵی دەچێتە دادگاكان و كاریان لەسەر دەكرێت ، هەروەها بابەتی فۆرمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامان بەكورتی ئێمە چەند هەنگاوێكی كەممان دەستپێكردووە لە ڕێگەیەكی درێژ بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی. “

خوێندکارانی کۆلیژی پزیشکی ددان گردبوونەوە
پێت خوێندکارانی کۆلیژی پزیشکی ددان گردبوونەوە
پێنتاگۆن: لە پشتیوانی هەسەدە بەردەوام دەبین
دوات پێنتاگۆن: لە پشتیوانی هەسەدە بەردەوام دەبین
پەیوەنیدر