بڕێكی زۆر دەرمانی كشتوكاڵیی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند لەهەڵمەتێکی تیمەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەرمان و موادی بەسەرچوو ئەمڕۆ توانرا دەست بەسەر بڕێکی زۆری دەرمانی کشتوکاڵی دا بگیرێت کە ماوەکانیان بەسەر چووبوو و لەهەوڵی ساخکردنەوەیدا بوون بەسەر جوتیاراندا.
ئاسایشی هەولێر ڕاشیگەیاند : لە لایەن تیمەكانمان لە(بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر)، بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی قایمقامیەتی (قەزای ناوەندیی هەولێر)، بڕێكی زۆر كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیرا كە بریتی بوون لە: 90 قوتووی دەرمانی لەناوبردنی مێروو ، 448 كارتۆن دەرمانی لەناوبردنی زیندەوەر ، 70 قوتوو تۆوی بیبەر ، 8 قوتوو دەرمانی فتریات ، 56 قوتووی (سید پاوەر) ، 21 قوتووی سەماد كە بەرواری بەسەرچوونیان بەسەرەوە نەبوو.
پاش ئەوەی سەرجەم كاڵا ماوەبەسەرچووەكان دەستیان بەسەردا گیرا، ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كران بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە خاوەنەكەی.