سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووردا، لە پێناو پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بگەنە ڕێککەوتن، دەشڵێت: “پێشێلکردنی مافەکانمان قبووڵ ناکەین”.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 8ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ئێرڤین هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، “گفتوگۆمان لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان کرد”.
دەشڵێت: “تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان، تایبەت بوو بە بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، لەمبارەیەوە دووپاتمان کردەوە، کە هەموو هەوڵێکمان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و لە پێناو پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام پێشێلکردنی مافەکانمان قبووڵ ناکەین”.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە، “هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە لە نزیکترین کاتدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.”
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 پەسند بکات، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67%ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینار دەبێت.
ڕەشنووسی بودجەی عێراق لە 13ـی مانگی ئادارەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، دوایین جار لیژنەی دارایی پەرلەمان لە 25ـی ئایاری ئەمساڵ لەبارەیەوە کۆبووەوە، ئەو کۆبوونەوەیە ناکۆکیی خستە نێو ئەندامانی لیژنەکە، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مادەکانی 13 و 14 و هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر گۆڕانکارییەکانی لیژنەکە هەیە.