وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ئەگەر لیژنەی دارایی گۆڕانکاری لە بوودجەی وەزارەتەکان و پارێزگاکان لە پرۆژەیاسای بوودجەدا بکات، تانە لە پرۆژەکە دەدەن.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:”ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دەستێوەردانی وەزیری دارایی لە پرۆژەیاسایی بودجە دەکەن، کە لەئێستادا لیژنەی دارایی کاری لەسەردەکات دوورە لە راستییەوە و پشتیوانی خۆشی بۆ تەواوی ماددەکانی ناو پرۆژەیاسای بوودجە دەردەبڕێت”.
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھەر گۆڕانکارییەک لە بودجەی پارێزگاکان و وەزارەتەکانی حکومەتدا بکرێت، ئەوا وەکو وەزارەتی دارایی تانە لە پرۆژەیاسای دەدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە تەیف سامی وەزیری دارایی دەستێوەردانی لە پرۆژەیاسای بوودجەدا کردووە.