پەرلەمانتارێكی شیعە “هەندێك لایەنی كوردی” بە دواخستنی پەسەند كردنی بودجە تۆمەتبار دەدات و دەڵێت: “هێزە کوردییەکان پەسەندکردنی بودجە و ئاراستەی گشتییان دواخست”.
فالح خەزعەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارێزگای بەسرە بۆ ئاژانسی (المطلع) ڕایگەیاندووە، هیچ نهێنییەك لە پڕۆژە یاسای بودجەدا نییە و هەندێك لە بڕگەكانی ناكۆكی لەسەری دروست بووە لەنێوان هەندێك هێزی هەرێمی كوردستان.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجە زۆر گرنگە و پێویستە بەزووترین كات پەسەند بكرێت، چونكە پەیوەندی هەیە بە بەرژەوەندی گەلی عێراق و بووژانەوەی ئابووری و ئاوەدانییەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، چەند پڕۆژە لەناو بودجەدا جێگەی كراوەتەوە و ڕای گشتی ئەوەیە، كە پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی.
خەزعەلی دەشڵێت: “پڕۆژە یاسای بودجە شایستەكانی سەرجەم پارێزگاكانی لەخۆی گرتووە بە پارێزگاكانی بەرهەمهێنی نەوت و پارێزگاكانی باشووریشەوە، بەو پێیەی هەناردەكاری نەوتن”.
لە ئێستادا حكومەتی هەرێم و چەند حزبێكی هەرێم ناڕازین لە چەند بڕگەیەكی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و لە بەرامبەریشدا بەشێكی دیكەی هێزە كوردییەكان پڕۆژە یاساكە و بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان بە بڕگەی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەوە بە پەسەند دادەنێن و هۆشداری دەدەن لە دەستكاری كردنی.