ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا بڕیار لە ناردنی بڕێكی دیكەی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت و سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێت: “داوامان لە سودانی كردووە پارەی پێویست بۆ مووچە بنێرێت”.
سەرچاوەیەكی پەرلەمانی لە بەغدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە و یەكێك لە تەوەرەكان بابەتی ناردنی مووچەیە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی لەسەر بڕیاری دادگای پاریس بەهۆی سكاڵای عێراق دژی توركیا، هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە و ئێستاش هەرێم داهاتی پێویستی بۆ مووچە نییە، بۆیە پێشبینی دەكەن هاوشێوەی مانگی پێشوو پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بكرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند جارێك بەڵێنی دابین كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە و ڕایگەیاندووە، كە ئەوان بەشێكن لە عێراق و مووچەیان دابین دەكەن.
لای خۆشیەوە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاندووە، “ئەو 400 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت بە شێوەی قەرزە، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەش پەسەند بکرێت، دواتر لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت”.
ڕاشیگەیاندووە، هەفتەی رابردوو سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە و داوایان لێ کردووە، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار (5) بنێرێت.