لەهەوڵێکدا بۆ بەدەستخستنی پێگەیەکی گرنگ لە جیهانی چیپەکاندا ، فەرەنسا بەبڕی ( 2،9 ملیار یۆرۆ ) کەدەکاتە 3،1 ملیار دۆلار کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چیپی ئەلیکترۆنی دەکاتەوە و گڕلە بازاڕی پێشبڕکێی جیهانی بەرهەمهێنانی چیپەکان دەدات.
وەزارەتی ئابوری فەڕەنسا ڕایگەیاند ئەوپاڵپشتییەی کە حکومەت بۆ ئەم بوارەی تەرخان کردووە گەورەترین پاڵپشتی دارایی دەبێت لەدوای ساڵی 2017 وە ، ئاماژەی بەوەشدا کە پاڵپشتییەکە بۆ ئەم پرۆژەیە تا نزیکەی 7،5 ملیار یۆرۆ دەبێت و کۆمپانیای STMicroelectronics ی ئەوروپی و جیهانی و کۆمپانیای Global foundries ی ئەمریکی بەهاوبەشی بنیاتی دەنێن.
هەریەک لە ئەوروپا و ئەمریکا یاسای تایبەتیان بە بەرهەمهێنانی چیپەکان داناوە بۆ زیاتر برەودان بەو بوارە هەرچەندە مەترسی و دڵەڕاوکێکانیان بەرامبەر چین ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت بەتایبەت کە ئەو وڵاتە بەردەوامە لە دەستگرتن بەسەر بازاڕی جیهاندا .
چیپەکان کە بە نیمچە ڕێبەرەکان ناسراون بونەتە پێکهاتەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و مۆبایلە زیرەکەکان هەربۆیە گرنگی زیاتری پێدەدرێت و لای زۆرێک لە کۆمەڵە و دەستە بازرگانییەکان بۆتە کاری سەرەکییان.
یاسای ئەوروپا بۆ بەرهەمهێنانی چیپە ئەلکترۆنییەکان هەندێک ئاسانکاری تێداکرا بەتایبەت لەڕوی پاڵپشتی حکومەت بۆ ئەو بوارە و ئەم هەنگاوەش وایکرد کە بەرهەمهێنان بۆ سەرو ٤٣ ملیار یۆرۆ بەرزبێتەوە و بەرهەمهێننی چیپەکان ٪٢٠ زیاتر دەکات.
ئەروپا ئێستا کەمتر لە سەدا ١٠ ی کۆی گشتی چیپە ئەلکترۆنییەکان بەرهەمدەهێنێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆرینەی چیپە ئەلکترۆنییەکان لە تایوان بەرهەمدەهێنرێن.
وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکراکرد ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە گرۆنۆبڵ لەباشوری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا و تا ساڵی 2028 بەڕیژەی ٦ لەسەد پاڵپشتی بەرهەمهێنی ئەوروپی دەکات بۆ چیپە ئەلکترۆنییەکان.
جێی سەرنجە ململانێی بەرهەمهێنان و وەدەستخستنی چیپە ئەلکترۆنییەکان ( نیمچە ڕێبەرەکان ) لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بڵاوبونەوەی کۆڤید ١٩ بەوپێیەی جیهان لەو ماوەیەدا توشی داڕمانی ئابوری و داخستنی کارگەکان بونەوە.
هەرچی یاساکانی ئەمریکایە سەبارەت بەچیپەکان خۆی لە کۆکردنەوە و بەدەستختنی ملیارەها دۆلار دەدات و هەوڵدەدات زیاتر بازاڕی چیپەکان بخاتە ژێر دەستییەوە.
پەکینیش لەم هاوکێشەیەدا هەمیشە بە تۆمەتبار ناودەبرێت بەوەی هەوڵی داگیرکردنی بازاڕی جیهانی دەدات و دەیەوێت ئابوری جیهان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە ، لەوەڵامدا پەکین ڕەخنەی توند لەیاساکانی ئەمریکا بۆچیپەکان دەگرێت و بەبێبنەما ناویان دەبات.