“هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهانیی گۆڕانی كەشوهەوایە”



سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ دەستەی ژینگە بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی ڕۆژی ژینگە، تەنیا ڕۆژێك نەبێت بۆ باسی ژینگە، بەڵكوو كار دەكات بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژەكانی ساڵ ببنە ڕۆژی ژینگە.

 

عەبدولڕەحمان سدیق، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، لە گوفتوگۆیەکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە: “په‌یامی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ دووپات بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دروشمی: «ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە»، هەموومانی پابەند كردووە بۆ برەودان بە ڕۆشنبیریی ژینگەیی و كەمكردنەوەی مەترسییە ژینگەییەكان”.

 

عەبدولڕەحمان سدیق، دەشڵێت: ” دەستەی ژینگە بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی ڕۆژی ژینگە، تەنیا ڕۆژێك نەبێت بۆ باسی ژینگە، بەڵكوو كار دەكات بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژەكانی ساڵ ببنە ڕۆژی ژینگە و ئەم بۆنەیەش ببێتە دەروازەی بیرخستنەوە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەپارێزیدا و سەرنجڕاكێشانی بڕیاردەران بە لای پرسەكانی ژینگەدا و بایەخ پێدانێكی باشتر بە ژینگە”.

 

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، راشیگەیاند: “بۆ بایەخدان بە ژینگە، هەوڵ زۆرە بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانەی دەبنە مایەی كەمكردنەوەی گۆڕانكارییەكانی کەشوهەوا، لە نموونەی ئەوانە: بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر و ئاو و با، دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیی، باڵەخانەی ژینگەیی ناسراو بە بیناكردنی سەوز، دامەزراندنی پارێزراوە سروشتییەكان و پاراستنی فرەجۆریی زیندەوەران (بایۆدایڤێرسیتی)، پرۆژە بچووكەكانی تایبەت بە لاوان و ئافرەتان لە بواری ئەو كارانەی، كە شوێنەواری گۆڕانكاریی کەشوهەوا كەم دەكەنەوە، بەكارهێنانەوە (ڕیسایكلین)ی ئاوی قورس و پاشەڕۆكان، سەوزكردنی شار و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی، پاڵاوتنی نەوت بە تەكنۆلۆژیای نوێی ناسراو بە تەكنۆلۆژیای سەوز، پرۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری دابینكردنی وزەی خاوێندا، کەمکردنەوەی زیانەکانی بەنزین و کارکردن بە گواستنەوەی گشتی و سوودوەرگرتن لە گازی هاوەڵ”.

 

لە بارەی گرنگیی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی جیهانیی گۆڕانی کەشوهەوا، عەبدولڕەحمان سدیق وتی: “دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق و بە سەرپەرشتیی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان، لە وۆركشۆپی ئاستی باڵای مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ بۆ دیاركردنی ئاستی خواستی عێراق لە بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان، بەشدار بووە”.

 

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ئاماژەشی بەوەکرد کە، لەو بەڵگەنامەیەدا عێراق و هەرێمی كوردستان، پابەندبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن، بۆ دیاریكردنی توانا و هەوڵەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ماوەی ١٠ ساڵی نێوان ٢٠٢١ هەتا ٢٠٣٠، بە مەرجی سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا، بۆ ئەوەی ئەم كارانە بکەن: كەمكردنەوەی بڕی گازە دەردراوەكان هۆكاری گەرمی بە ڕێژەی ١% تا ٢% بە هەوڵی ناوخۆیی، كەمكردنەوەی گازە دەردراوەكانی هۆكاری گەرمی بە ڕێژەی ١٥% بە هاوكاریی نێودەوڵەتی، داواكردنی یارمەتیی دارایی بۆ عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە گوژمەی ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ ماوەی هەر ١٠ ساڵەكە، بەرهەمهێنانی بڕی ١٢ مێگاوات كارەبا لە سەرچاوەی وزەی خاوێنەوە”.

بڕگەکانی پرۆژە یاسای بودجە لە “دەستکاریکردنی” کۆتایی نزیک دەبێتەوە
پێت بڕگەکانی پرۆژە یاسای بودجە لە “دەستکاریکردنی” کۆتایی نزیک دەبێتەوە
ناگریسمان و هێنری دەچنە پاریس
دوات ناگریسمان و هێنری دەچنە پاریس
پەیوەنیدر