بەهۆی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە خوار تەمەن (18) ساڵ، قائیمقامیەتی سلێمانی هەردوو فرۆشگای ناسر و محەمەد، لە شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ دادەخات و خاوەنەکانیشیان ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکاتەوە.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاندووە، پێشتر سەرجەم مارکێت، فرۆشتگا و شوێنانەکانی دیکە ئاگادار کراونەتەوە، کە جگەرەی ئەلیکترۆنی بەخوار تەمەن (18) ساڵ نەفرۆشن، چونکە ڕوبەڕوی داخستن و رێکارە یاساییەکان دەکرێنەوە.
وتیشی، “لەبەرواری ئەمڕۆوە هەر کەس و شوێنێک جگەرەی ئەلیکترۆنی بە خوار تەمەن (18) ساڵ بفرۆشێت لەڕێگەی دادوەری لێکۆڵینەوەی یەکی سلێمانییەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و ڕوبەڕوی دادگا دەکرێتەوە”.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هیوادارین سەرجەم مارکێت و فرۆشتگاکان پابەندی مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن بن و جگەرەی ئەلیکترۆنی بە خوار تەمەن (18) ساڵ نەفرۆشن بۆئەوەی لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکان نەکرێنەوە.