سەرچاوە سیاسییەکان نهێنییەکانی دواخستنی پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵییان بۆ ئەمساڵی ٢٠٢٣ ئاشکرا کرد.
ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری سەرچاوەی سیاسی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەكردووە، داڕشتنەوەیەكی ڕێكوپێك بۆ پڕۆژە یاسای بودجە كراوە بەپێی ڕێککەوتنێکی سیاسی نهێنی، دوای ئەوەی لە ئەنجامی ناکۆکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگیرا.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆژە یاساکە گەڕاوەتەوە سەر مێزی دانوستانی سیاسی، دوای ئەوەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، هەموارکردنەوەیەکی بۆ ڕەشنووسی بودجە سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان و میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت لە خاکەکەیەوە کرد.
ئاشكراشی كردووە، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر (نوری مالکی)، ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە میکانیزمەکانی خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها تێبینییەکانی پێشكەش كرد سەبارەت بەو مینانەی لە بڕگەکانی بودجەدا هەیە، كە ڕەنگە ڕێگە بدات بە گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات لەناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، کە جگە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، هێزە سوننە و کوردەکان لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەكە وتویەتی، “مالكی ترسی ئەوەی هەبوو، کە بودجە بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی کاریگەر لە دەستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و حکومەتەکەیدا چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی چۆنیەتی وەبەرهێنانی ئەو سەرچاوە گەورانەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو”.
وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێكردووە، داواکارییەکانی کورد بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە پێش ئەم دەستكاری كردنەی دوایی، بە ڕێککەوتنێک لە دەرەوەی دەقی ڕەشنووسی یاساکە یەکلایی دەکرێتەوە، بەپێی ڕێککەوتنێکی سیاسی نهێنی، لەنێویاندا چوارچێوەی هەماهەنگی.