ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، هێزەکانیان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی بۆ دروستکردن و فرۆشتنی ئامێری گزیکردن (غش) کردوە.
ئاسایشی هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:” تیمەکانیان لە ئاسایشی هەولێر توانییان ناسنامەی تۆمەتبارێک ئاشکرا بکەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی بۆ فرۆشتنی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی و ئامێری گزیکردن (غش) دەکرد، بۆیە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار دەستگیر کرا و درایە دادگا”.
ئاسایشی هەولێر داوا لە خوێندکاران دەکات و دەڵێت:”جارێکی دیکە داوا لە سەرجەم خوێندکاران دەکەین، خۆیان لەو کەسانە بەدور بگرن کە بانگەشەی لەمجۆرە کارە دەکەن و کاتی خۆیان و دەرفەتی خوێندنەکەیان بەفیرۆ نەدەن”.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە:”ئەمجۆرە ئامێرانە نایاسایین و هیچ سودێکیش بە خوێندکاران ناگەیەنن، لە لای هەر کەسێکیش بێت، دەستگیر دەکرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بە هیواین هەموان پشت بە خۆتان ببەستن و باشترین نمرەش بەدەستبهێنن”.