لەسەر فەرمانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی لێخۆشبوونی 15٪ـی كرێی هاوبەشانی ئاو، تاوەكو 21ـی حوزەیران درێژكرایەوە.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 21ـی ئایارەوە تاوەكو 21ـی حوزەیران لێخۆشبوون لە 15%ی كرێی ئاوی هاوبەشان درێژكراوەتەوە.
ڕاشیگەیاند، بڕیاربوو، 10ـی حوزەیرانی 2023 لێخۆشبوونەكە كۆتایی بێت، بەڵام بە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ماوەكەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان درێژكرایەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ساڵی ڕابردووش 3 جار بڕیاری لێخۆشبوونەكە درێژكرایەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “ئەمساڵ زیاتر لە 12 هەزار هاوبەشی ئاو لە بڕیاری لێخۆشبوونی 15٪ـی قەرزی ئاو سوودمەند بوون.”
لەبارەی دووبارە درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی كرێی ئاو، وتویەتی، “ئەوە لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، چونكە هاووڵاتی ئێستاش نەیداتەوە و قەرزی لەسەر بێت، دواجار هەر دەبێ بیداتەوە”.