حكومەتی هەرێم ڕێز و سوپاسەكەی حكومەتی عێراقی نەداوە بە فەرمانبەران



فەرمانبەران و مامۆستایانی چاودێری سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێز و سوپاسیان پێدرا، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گشتاندنی بۆ ئەو ڕێز و سوپاسەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو نەكردووە.

لە 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق ئەنجام درا و ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران و مامۆستایان و دەرچووانی دانەمەزراو وەك چاودێر لەسەر سندوقی هەڵبژاردنەكان دانران و بڕیار درا بڕی 150 هەزار دینار پاداشت بە مامۆستایان و فەرمانبەران بدرێت و بۆ دەرچووانی دانەمەزراو بڕی 250 هەزار دینار، بەڵام لەبەرامبەر كەمی پاداشتەكە (ڕێز و سوپاس)ێكیش بدرێت بە مامۆستایان و فەرمانبەران.

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا و دوای دابەشكردنی پاداشتی كارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان، حكومەتی عێراق ڕێز و سوپاسی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی چاودێری سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان كرد، بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمیشەوە.

ڕاشیگەیاند، نووسراوی ڕێز و سوپاسەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتۆتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و پێویستە سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێ‌ بدات و گشتاندنی پێ بكات بۆ وەزارەتەكان تاوەكو لە هەرێم كاری پێ‌ بكرێت.

جەختیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كاری بە ڕێز و سوپاسەكە نەكردووە، بۆیە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نووسراوێكی دیكەی داوەتە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و جەختی لە پێدانی ئەو ڕێز و سوپاسە بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم كردۆتەوە.

لە ئێستادا فەرمانبەران و مامۆستایان چاوەڕێی فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پێدانی ئەو ڕێز و سوپاسە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوا لە سەرۆكی حكومەت دەكەن ئەو ڕێز و سوپاسەیان پێ‌ بدرێت، كە مافێكی یاساییە و لەپای هیلاكییانە لەسەر سندوقی هەڵبژاردنەكان.

بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، پێدانی ڕێز و سوپاسی سەرۆك وەزیران بۆ فەرمانبەران 6 مانگ سەرمووچەی فەرمانبەران پێشدەخات و لە نووسراوەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەكراوە، كە “لەپای هەوڵ و ماندوبوونی فەرمانبەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەو ڕێز و سوپاسەیان پێ‌ دەدرێت و 6 مانگ سەرمووچەیان پێشدەخرێت”.

ئەڵمانیا داوا لە توركیا دەكات هێرش نەكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان
پێت ئەڵمانیا داوا لە توركیا دەكات هێرش نەكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان
فڕۆكەخانەی سلێمانی؛ لەبارەی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ گەشتیاران بڕیارێكی نوێی دەركرد
دوات فڕۆكەخانەی سلێمانی؛ لەبارەی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ گەشتیاران بڕیارێكی نوێی دەركرد
پەیوەنیدر