دادگای فیدڕاڵی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە (هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی) و جەختیشی كردەوە، كە بەپێی دەستوور تەمەنی پەرلەمان 4 ساڵە و نابێت زیاتر بێت.
دادگای فیدڕاڵی عێراق لە دەقی بڕیارەكەیدا باسی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردن كرد لە ساڵی 1992ەوە و بە “سەركەوتووانە” وەسفی كرد بۆ بەدیهێنانی دیموكراتی و پێكهێنانی دامەزراوەكان بەتایبەت دوای كشانەوەی دامەزراوەكانی عێراق و هەروەها پێكهێنانی بەرەی كوردستانی.
جەختیشی كردەوە، هەر كارێك پێچەوانەی دەستوور بكرێت هەڵوەشاوە دەبێت بەپێی ماددەی 13 و نابێت هیچ بڕیار و یاسایەك هەبێت پێچەوانەی دەستوور و بۆ ئەوەش “یاسای بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان”، كە لە ساڵی 2022 دەرچووە “نایاساییە” و پێچەوانەی دەستوورە.
ئاشكراشی كرد، ماوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتووە لە كۆتایی خوولەكەیەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ماوەی خوولەكەی 3 ساڵ دەبێت لە یەكەم دانیشتنەوە و دواتر هەموار كراوە و كراوە بە 4 ساڵ و هەروەها بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە 4 ساڵ دیاری كراوە.
ڕاشیگەیاند، هەڵبژاردن دەربڕینی دیموكراسیانەی هاووڵاتیانە بۆ دیاری كردنی نوێنەرەكانیان و نابێت پێچەوانەی هەڵسوكەوت بكرێت.