سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارگەی شیرەمەنییەكانی لە مێرگەسۆر كرایەوە، كە شیرەمەنی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنێت هەلی كار دەڕەخسێنێت و نزیكەی 3 هەزار خێزانی ناوچەكە لێی سوودمەند دەبن.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێ شەممە، (كارگەی زۆم) بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەكان لە گوندی ژاژۆكی سەر بە شارۆچكەی مێرگەسۆر كردەوە، كە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، كە بریتین كە كارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەكان و هەروەها بنكەكانی كۆكردنەوەی بەروبوومی ئاژەڵداران و جووتیاران.
لە ئێستادا 12 بنكە تەواو كراون و بەرهەم وەردەگرن، 8 بنكەی نوێش لە قۆناغی جێبەجێكردن دان، لە ئایندەش بنكەی تر بە گوێرەی پێویستی كارگە زیاد دەكرێن و لەسەر ڕووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا دروستكراوە.
قەبارەی بەرهەمهێنان لە كارگەكە 20 تۆنە لە ڕۆژێكدا، توانای هەیە بگاتە 50 تۆن و هەموو ئامێرەكانی ناو كارگە لە باشترین جۆری (Stain less steel) دروستكراون و لەناو كارگەدا تاقیگەی تایبەت هەیە بۆ پشكنینی شیر و دڵنیابوون لە كوالێتی ئەو شیرەی كە دەگاتە كارگە و ئەو بەرهەمانەی لە كارگە بەرهەم دێت.
لە ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بە تێكڕا ڕۆژانە 80 كەس بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك كاریان لەو پڕۆژەیەدا كردووە و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی زیاتر لە 300 دەرفەتی كاری دیكەش، هەروەها زیاتر دوو هەزار و 700 خێزانی ناوچەكەش تێیدا سوودمەند دەبن.