جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەدات لەوەی ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێک لە سلێمانی، لە ئەستۆی بانکی هەرێمە و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، چونکە ئەو بانکە جیاوازی ناکات لە نێوان کەرتی تەندروستی و گەشتوگوزاردا.
دکتۆر هێرش سەیدسەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بانگەوازێکی ئاڕاستەی سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکان کردووە و دەڵێت: لە ماوەی شەش مانگ لە كۆی ٣٠ملیار دینار كە پێویست بو بانكی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بكات، تەنها ٥ ملیار دیناری خەرج کردوە كە خەرجی تەنها مانگێكە، بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئەگەر ببێتە هۆكاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش، ئۆباڵەكەی ئەخەینە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی ئەو بانکە و ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بانکی هەرێم نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بكات و هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابین كردوە بێ ئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەموو پرسەكانی ترە و پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە ئەمە لەكاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابینكردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی .