“سیستمی بەڕێوەبردنی خاڵەسنورییەکانی هەرێم لە عێراق پێشکەوتوو ترە”



بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی دەرهەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستمی بەڕێوەبردنی خاڵەسنورییەکانی هەرێم زۆر لە عێراق پێشکەوتوو ترو شەفافترە.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، لەمیانی چالاکی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی (کێشەی دەروازە سنوورییەکان لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان) لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا بە هاوکاری دامەزراوەی NEDی ئەمەریکی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، لەوانە “سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستەمە وایکرد دەستێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، بەخێرایی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەمبکرێنەوە”.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیش و کارەکانیان بەڕێدەکەن، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە کاری دەستی ئیش و کارەکانیان دەکەن.

راشیگەیاند:”داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی هەموو دەروازەکانی عێراق زیاترە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەروازەکانمان چەندین جار باشتر لە دەروازەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.”

لەبارەی بوونی گەندەڵیش لە دەروازە سنوورییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، “بەرپرسانی حکومەتی عێراق خۆیان دەڵێن، تەنها سەدا 10ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەت، بەڵام لای ئێمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەموو ئەو گەندەڵییانەی باسدەکرێن، سەدا 85ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

ساماڵ عەبدوڵرەحمان ئەنجامدانی چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە بە “کارێکی قورس” ناوبرد و دەڵێت، “دەبێت هەموو لایەکمان هاوکاربین لەگەڵ یەکدی بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو کەرتێکدا بکرێت. بەرپەچدانەوەی گەندەڵی پێویستی بە بڕیاری قورس و بەرنامەیەکی پتەوە.”

دەربارەی بوونی دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان وتیشی:”زۆر جار لە راگەیەندنەکاندا و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەوترێت هەرێمی کوردستان، دەروازەی نافەرمی هەیە. ئێمە دەروازەی نافەرمیمان نییە. شەش دەروازەی فەرمی بازرگانیمان هەبوو و بە کردنەوەی دەروازەی زێت، بوون بە حەوت دەروازە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن.”

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان باسیلەوەشکرد:”دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە تا وەکو ساڵی 2003 شادەماری یەکەمی داهاتی هەرێمی کوردستان بوون. ئەو داهاتەی لە دەروازە و گومرگەکان پەیدا کراوە، دەتوانم بڵێم، مووچەی پێ دابەشدەکرا و کاری دیکەشی پێدەکرا. دوای ساڵی 2003 ئەو دەروازانە توانیویانە خۆیان لە پلەی دووەم بهێڵنەوە و داهاتی دووەمی شادەماری هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرن.”

تەندروستی سلێمانی:ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش دەخەینە ئەستۆی بانكی هەرێم
پێت تەندروستی سلێمانی:ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش دەخەینە ئەستۆی بانكی هەرێم
خوێندنى باڵا: نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى ماستەر و دکتۆرا هێڵى سورە
دوات خوێندنى باڵا: نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى ماستەر و دکتۆرا هێڵى سورە
پەیوەنیدر