وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند:”پاراستنى نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى خوێندنى باڵا/ دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمى باڵا، هێڵى سورەو لەم پرۆسەیەدا بەوپەڕى لێپرسراویەتى کار دەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافیەت و بێ لایەنى لە جێبەجێکردنى پرۆسەکەدا، بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى رەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ کچان و کوڕانى هەرێمەکەمان بکەین”.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە (2023/5/29) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، کۆبونەوەیەک بەمەبەستى باشتر راییکردنى کاروبارەکانى هاووڵاتییان و دواین قۆناغ و هەنگاوەکانى پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمى باڵا و خوئامادەکردن بۆ وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە هەنگاوەکانى بەڕێوەچونى پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا کردو فەرمانگەى تایبەتمەندى ڕاسپارد بەوپەڕى لێپرسراویەتییەوە کار بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە بکەن، دوپاتیشى کردەوە هەموو هەوڵێکمان بۆ فێرخوازان ڕەخساندنى ژینگەى لەبارى خوێندن و فێربون و پێگەیاندنیانە، هەر لەم ڕوانگەیەوە رایگەیاند: لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچون و سکاڵاکان دەست کراوە بن لەوەی ڕێگر بن لە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و نادادپەروەری. هەروەها جەختیشی کردەوە هەر سەرپێچی و پێشێلکاری و دەستوەردانێکی نایاسایی و بەدەر لەڕێنماییەکان ئەنجامدەرانی روبەڕوی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرو بابەتێکى پەیوەست بە کاروبارى فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکانى ناوى دیوانى وەزارەت گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا فەرمانگەکانى ڕاسپارد پێداچونەوەى جدى بە کاروبارەکانیان بکەین، بەشێوەیە باشتر لە پێشوو کاروبارى هاووڵاتییان و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان لە وەزارەت و فەرمانگەکانى سەر بە وەزارەت دوانەکەوێت و خزمەتکردن بە هاووڵاتییان و جێبەجێکردنى کارەکانیان ئەولەویەتى کارکردنمان بێت.