یاریدەدەرێكی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەردوو كابینەی 8 و 9 خۆیان لە پاشەكەوتی مووچە بێ بەری نەكردووە، بەڵام ئەوەی لە بودجەی عێراق كراوە دەبوو پارەشی بۆ تەرخان بكرێت، نەك بودجەی هەرێم كەم بكرێتەوە و پاشەكەوتیش بخرێتەسەری.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری مەسرور بارزانی لە میانی بەرنامەیەكی كەناڵی ڕوودا ڕایگەیاند،، دوو پەرلەمانتاری یەكێتی دەستیان لە دەستكاریكردنی بڕگەكانی بودجەدا هەبووە، كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە (بڕگەی 13 و 14ـی پڕۆژە یاسای بودجە) و وتیشی، “دەستكارییەكەی لیژنەی دارایی لە بڕگەكانی، پێچەوانەی رێككەوتنی سیاسییە و نایاساییە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم گەڕاوەتەوە ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و ناكرێت گرفت بۆ تەبایی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت.
دەشڵێت: “بابەتی پاشەكەوتی مووچە هەر لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە بودجەمان زیاد بكات پاشەكەوتی مووچەی لێدەدەینەوە، بەڵام ئەوەی لە بودجەدا كراوە دەبوو پارەی بۆ تەرخان بكرێت و بودجەی هەرێم زیاد بكرێت، بەڵام لەبری ئەوە پارەش كەم كراوەتەوە و پاشەكەوتیش زیادكراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەردەوام وتوویەتی، پاشەكەوتی مووچە قەرزێكە لەسەر حكومەتی هەرێم و دەبێت بدرێتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو پارەیەی لە عێراقەوە دێت، ئەگەر مووچەی لێ درا و بەشی پڕۆژە و خەرجییەكانی كرد و پارە زیاد بوو، بەدڵنیاییەوە پاشەكەوتی مووچەی لێ دەدرێتەوە.