شانەی راگەیاندنی ئەمنیی دەستپێکردنی قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی (شمشێری حەق)ی لە دژی پاشماوەکانی رێکخراوی داعش ڕاگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دا هاتووە؛ بە فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی و بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگریی و بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و گوشارخستنە سەر پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش، قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی (شمشێری حەق) لە دیالە، خورماتوو و کەرکووک دەستیپێکرد.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەریەک لە هێزەکانی سوپا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بە پشتیوانی هێزەکانی ئاسمانی و فڕۆکەکانی سوپای بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن.
هاوکات، پلانی ئۆپەراسیۆنەکە کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دانراوە، بە بەشداریی سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یاڕەڵڵا و جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق روکن قەیس خەڵەف دەستیپێکردووە.
سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق ستایشی کارە هاوبەشەکانی نێوان هێزە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و جەختی لە پێویستی سوود وەرگرتن لە زانیاریی هەواڵگریی لەنێوانیاندا کرد.
دەسپێکردنی ئەم ئۆپەرەسیۆنە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی ڕوکنی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یاڕەڵڵا گەیشتە پارێزگای کەرکووک.