فازڵ نەبی: لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراق سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم هێنراوەتە ئاستی خوارتر له‌ وه‌زیری دارایی



دوای ئەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی تێپەڕاند بە چەندین گۆڕانکاریەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عێراق دەڵێت پڕۆژە یاساکە دەبێتە هۆی “لەدەستدانی” سەروەری هەرێمی کوردستان و هۆشداری دەداتە کورد لەوەی ” شته‌كان به‌شێوه‌یه‌ک لوغم ڕێژكراون لێدانی تریش به‌دوادا دێت.”

د. فازڵ نەبی، پسپۆڕی بواری ئابوری کە هاوکات لە پێشووتردا بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عێراق بوو، لەمیانەی وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی، “ئه‌وه‌ به‌جۆرێک دانراوه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان بده‌ن. هه‌ندێک براده‌ر له‌وه‌ زویرن ده‌ڵێن چۆن سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی هێناوه‌ته‌ ئاستی وه‌زیری دارایی. نه‌خێر سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمیان هێناوه‌ته‌ ئاستی خوارتر له‌ وه‌زیری دارایی عێراق.”

وتیشی، “به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ورده‌ ورده‌ لێدانمان به‌رده‌كه‌وێت و سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین. له‌لایه‌نی ته‌كنیكی له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك شت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان بێت به‌ڵام له‌ لایه‌نی سه‌روه‌ری هه‌رێم ئه‌و لێدانانه‌ی به‌رهه‌رێم كه‌وتوون به‌داخه‌وه‌ زۆر گه‌وره‌ بوون.”

شەوی پێنجشەممە (25-5-2023) لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ی لە پرۆژەیاسای رەشنووسی بودجەی عێراقی پەسندکرد دوای گۆڕانکاری لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

بەپێی وتەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەرەتای ئەم هەفتەیە پڕۆژەکە دەخرێتە دەنگدانەوە. ئەگەر بودجەی عیراق بەم شێوەیە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت کە لیژنەی دارایی دایڕشتووە، حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێت بە دانەوەى پاشەکەوتى مووچە، رێگرى دەکرێت لە حکومەتی هەرێم بۆ دەرهێنانى نزیکی 200 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک و نەینەوا لە ڕۆژێکدا، ئەمە سەرەڕای دەرفەتدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە ئەگەر لەگەڵ حکومەتی هەرێم ناکۆکیان هەبێت.

هەر بە پێی گۆڕانکاریەکان، داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندی عێراق دادەنرێت و دواتر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدەنە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
بەبڕوای فازڵ نەبی ئاماژەکردن بە وەزیری دارایی بۆ بچوککردنەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمە.

“ده‌رنه‌چوون له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ به‌نمره‌ی سفر ”

لەساڵی ڕابردوو، لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی لەلایەن هاوپەیمانی دەوڵەتەوە، هەریەکە لەپارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی سەرەکی چوونە ناو هاوپەیمانێتیەکە و بەشداری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقییان کرد. بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ئەو کات ستایشی ڕێکەوتنەکەیان کردوو ڕایانگەیاند یەکێک لە بنەماکانی ڕێککەوتنەکەیان لەسەر موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بوو.

بەڵام چەندین مانگ دوای ڕێکەوتنەکە، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی دەڵێت بەرپرسانی کورد لە ڕێکەوتنەکە “نه‌ک ته‌نها سه‌ركه‌وتوو نەبوون، به‌ڵكو ده‌رنه‌چوون له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ به‌نمره‌ی سفر.”

فازڵ نەبی ڕایگەیاند، “له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ پێكهاتووه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان زه‌ربه‌ لێدان له‌دوای لێدانی به‌ركه‌وتووه.‌ لێدانی زۆر گه‌وره‌ش كه‌ مرۆڤ گێژده‌كه‌ن و ناتوانرێت جارێكی تر هه‌ڵبستێته‌وه.”

فازل نەبی گۆرانکاریەکانی دوێنێی تایبەت بە بودجەی بە “چاوه‌ڕوانكراوو” لەقەڵەم دا و وتی، “خودی ئه‌و بودجه‌یه‌ی براده‌رانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ری ڕێككه‌وتبوون به‌ڕاستی زۆر زوڵمی تێدابوو بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌روو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ دیسان هاتن هه‌ندێک زوڵمی تریان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌.”

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی لەسەر پرۆژە یاساکە بڵاوکردەوە ڕایگەیاند، “بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبووڵ ناکەین.”

“ساویلكه‌یی كورد وایكردووه‌”

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 24 ئەندام پێکهاتووە و تەنها 4 ئەندامی لیژنەکە کوردن، لەو 4 ئەندامە، دوو ئەندامیان سەربە پارتی و ئەندامێکیان یەکێتی و ئەندامەکەی تریش سەربە یەکگرتووی ئیسلامییە.

گۆڕانکاریەکان تایبەت بە پشکی هەرێم لە لایەن ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکش کرابوون. لە کاتێکدا ئەندامانی پارتی دەنگییان پێنەداوە و یەکگرتووی ئیسلامیش تەنها دەنگی بەبڕگەیەکیان داوە کە تایبەتبووە بە دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، بەڵام یەکێتی دەنگی بە پرۆژە یاساکە داوە.

سەبارەت بەو کاربەدەستانەی بەغدا کە بەرپرسن لەم گۆڕانکاریانە، فازڵ نەبی دەڵێت “له‌سه‌ره‌وه‌ پێیان ده‌ڵێن پیاوی چاكن، به‌ڵام له‌ژێره‌و به‌فڵان ده‌ڵێن وابكه‌ن دژی هه‌رێمی كوردستان.”

هەروەها وتیشی، “هه‌موو شته‌كان ڕوونن، به‌ڵام ساویلكه‌یی كورد وایكردووه‌ نه‌یارانی كورد ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن و ئه‌و لێدانانه‌ی بیانه‌وێت زۆر به‌ ئیسراحه‌ت له‌كوردی بده‌ن.”

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەخنەی ئەوەی لە بەرپرسانی کورد لە بەغدا گرت بەوەی گوایە لەکاتی داڕشتنی ڕێکەوتننامەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی وردبین نەبوون و بەشێوەیەک ڕێکەوتنەکان نە نوسراون کە ڕێگربێت لە خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕگەکان.

دەشڵێت، “ساویلكه‌یی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ ناده‌یه‌نه‌ شته‌كان چونكه‌ ئه‌وان ده‌ستور به‌گوێره‌ی دڵی خۆیان ته‌فسیر ده‌كه‌ن…كه‌موكورتی له‌ دانوستانه‌كانمان و چۆنیه‌تی داڕشتنی ڕێككه‌وتنه‌كانمان بوو چونكه‌ داڕشتنی ڕێككه‌وتن زۆر گرنگه‌ و خه‌ڵكی زیره‌ک و خاوه‌ن ئه‌زموونی پێویسته‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ یه‌ك وشه‌ زۆر شت بگۆڕدرێت.”

بە بڕوای د.فازڵ نەبی، جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بەم شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم بەتەواوەتی بکەوێتە دەست بەغدا و “ته‌نانه‌ت بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێت ده‌رهێنان و هاورده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن سۆمۆوه‌ بێت.”

سەبارەت بە کۆکردنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی تایبەت، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت دیسان ڕێکەوتنەکان بە زیانی هەرێمی کوردستانن چونکە له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نابن.

د.فازڵ نەبی نیگەرانی زیاتری دەربڕی و وتی، “ده‌ڵێن ده‌بێت حسابێک بكرێته‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندی به‌غداد بێت و هه‌موو داهاتی نه‌وت بچێته‌ ناو ئه‌و حسابه‌وه‌. لێره‌دا گرفتێكی تێدایه‌ واته‌ حسابه‌كه‌ ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ نه‌وتی هه‌رێم. ئینجا دواتر ئه‌و حسابه‌ ده‌بێته‌ داهات بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی و ئه‌و حسابه‌ش له‌ژێر كۆنترۆڵی وه‌زیری دارایی عێراق ده‌بێت. ئینجا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی هێناوه‌ته‌ مسته‌وای ئاستی وه‌زیری دارایی و كه‌متریش.”
ته‌نهاپێش پێی خۆی ده‌بینێت دوور ته‌ماشا ناكات له‌پێشیه‌وه‌ چی هه‌یه‌.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەشبینی خۆی نەشاردەوە لەقسەکانیدا و وتی، “من ڕه‌شبینم له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان لای من له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه‌. به‌ڵام خاڵی باشیش هه‌یه‌ بۆ هاوڵاتیان، بۆنموونه‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش مه‌رجی تێدایه.‌ ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مه‌رجانه‌ جێبه‌جێ نه‌كات دیسانه‌وه‌ كێشه‌ دروست ده‌بێت.”

لەبەشێکی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، پارێزگای ناڕازی دەتوانێت ناڕازی بوونی خۆی دەرببڕێت، ئەوکات بەغداا بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بەجیا لەهەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەم بڕگەیە نیگەرانی لەسەر داهاتووی یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان دروستکردووە بە تایبەت کە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ناکۆکبوون لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ بەشە بودجە و داهاتی سلێمانی.

د.فازڵ نەبی لەسەر ئەم گۆڕانکاریە ڕایگەیاند، “له‌وانه‌یه‌ سبه‌ینی كێشه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی دروست ببێت. ئه‌وكات سلێمانی بڵێت به‌ به‌غداد پشكی من بنێره‌ پێویست ناكات بۆ هه‌ولێری بنێریت. من ده‌ڵێم بۆخاتری خوا كوردینه‌ ده‌بێت یه‌كگرتووبن چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بابه‌تی تری به‌دوادا دێت.”

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە هەلبژاردەکانی کورد لە ئێستادا سنوردارن و حکومەتی هەرێم ناچارە هەوڵبدات بۆ جێبەجێکردنی ڕێككه‌وتنه‌کانی لەگەڵ بەغدا. ئەو دەڵێت، “جاران مه‌جالێكی تێدابوو كه‌ ڕێكه‌وتن جێبه‌جێ نه‌كه‌ین، به‌ڵام ئێستا ئه‌و مه‌جاله‌مان نه‌ماوه‌. جاران خۆمان نه‌وتی خۆمان ده‌فرۆشت و داهاتی خۆمان ده‌هاته‌وه‌ ده‌ستی خۆمان.”

بەرپرسێکی ئاسایشی عێراق دێتە سلێمانی
پێت بەرپرسێکی ئاسایشی عێراق دێتە سلێمانی
تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕاگیرا
دوات تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕاگیرا
پەیوەنیدر