پەروین بوڵدان: “بەهیچ شێوەیەک ئەردۆغان بژاردەیەک نییە بۆ ئێمە”



هاوسەرۆکی هەدەپە، دەڵێت؛ “لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، بەتوندی داکۆکی لە گۆڕانی دیموکراسیی و خواستی خۆشگوزەرانی کرا و دەنگی ناو سندوقەکانیش رەنگدانەوەی ئەمەبوو، ئەردۆغانیش بەهیچ شێوەیەک بژاردەیەک نییە بۆ ئێمە. تاکە بژاردەمان، گۆڕینی ئەو و ئەو دەسەڵاتەیە کە نوێنەرایەتی دەکات”.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە، لە ناوەندی سەرەکی هەدەپە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و ئەوەی خستەڕوو کە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئایار، جۆرێکە لە گشتپرسیی.

هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەشدا کە هیچ تێڕوانینێکی سیاسیی بە راست نازانن کە خەباتی دیموکراسی لەناو کۆمەڵگەدا تێکبشکێنێت.

وتیشی: “بەم شێوەیە دەڕوانینە ئەو پرۆتۆکۆڵەی پارتی سەرکەوتن و جەهەپە لەنێوان خۆیاندا واژوویان کردووە و رەخنەی خۆشمان لەوبارەیەوە بۆ رای گشتیی خستەڕوو”.

پەروین بوڵدان بانگەشەی ئەوەشی کرد کە دەستگرتن بەسەر ئیرادەی سیاسیی کوردەکان لەڕێی دامەزراندنی قەییومەکانەوە دەستگرتن بووە بەسەر ماف و ئازادییەکانی گەلانی تورکیا، وتیشی: “لە کاتێکدا کە دەچینە سەدەی دووەمی کۆماری تورکیاوە، ئێمە لە هەر دۆخێکدابین هەمیشە ئیرادەی گەل لەسەروو هەموو ئیرادەکانەوە دەبینین، خەباتی خۆمان بۆ ئایندەیەکی دیموکراتی هاوبەش و یەکسان درێژە پێدەدەین”.

هاوسەرۆکی هەدەپە، پەروین بوڵدان جەختی لەوەش کردەوە کە بەکارهێنانی کۆچبەر و پەنابەران بۆ بەرژەوەندی سیاسیی، کارێکی هەڵە و نامرۆڤانەیە و ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەی کۆچبەر و پەنابەران لەڕێی خەباتێکی بەهێزی ئاشتی دژبە سیاسەتەکانی جەنگ، چارەسەر دەکرێت.

بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا کە هاوپەیمانی “جمهور” دژ بە بنەماکانی دیموکراسیی، دادپەروەریی و ئازادی دەوەستێتەوە و رایگەیاند: “لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، بەتوندی داکۆکی لە گۆڕانی دیموکراسیی و خواستی خۆشگوزەرانی کرا و دەنگی ناو سندوقەکانیش رەنگدانەوەی ئەمەبوو. ئەردۆغان بەهیچ شێوەیەک بژاردەیەک نییە بۆ ئێمە. تاکە بژاردەمان، گۆڕینی ئەو و ئەو دەسەڵاتەیە کە نوێنەرایەتی دەکات”.

هاوسەرۆکی هەدەپە، پەروین بوڵدان باسی لەوەش کرد کە لە ٢٨ی ئایاردا، هەمووان پێکەوە سەردەکەون و بەبێ کەموکوڕی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.

دواتریش هەریەکە لە هاوسەرۆکی هەدەپە، میتحەت سانجار هاو وتەبێژانی پارتی سەوزی چەپ، چیغدەم کڵچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن لە بارەی ئەم رۆژەڤەوە دوان.

ئەمریکا؛ مووشەکە بالیستییەکانی تاران مەترسییەکی جیددین
پێت ئەمریکا؛ مووشەکە بالیستییەکانی تاران مەترسییەکی جیددین
سوپاسی خوای دەوێت شەڕی پارتی و یەکێتی لە یەکتر کوشتنەوە گۆڕاوە بۆ شەڕە بۆکسی پەرلەمان
دوات سوپاسی خوای دەوێت شەڕی پارتی و یەکێتی لە یەکتر کوشتنەوە گۆڕاوە بۆ شەڕە بۆکسی پەرلەمان
پەیوەندیدار