حاكم قادر ڕایدەگەیەنێت، دەبێت پەیوەندیی لایەنە سیاسییەكان زیاتر گەشەی پێبدرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، پێویستیشە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و سەردەمیانە و دوور لەدەستوەردان ئەنجام بدرێت.
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لەمیانی سەردانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستانی ڕایگەیاند، “گەلەكەمان تا ئێستا شانازی بە قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگەوە دەكات، بەڵام بەداخەوە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم نەیانتوانیوە لە ئاست شكۆی پێشمەرگە دێرینەكان و شەھیدان و كەمئەندامانی سەنگەردابن و بتوانن خزمەتیان بكەن.”
وتیشی، “پێویستە هەموو پێشمەرگەیەكی دێرین یەكەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بكرێت و ئەركی حكومەتی هەرێمە پڕۆژە یاسایی ماف و ئیمتیازات بۆ پێشمەرگە دێرینەكان بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، پەرلەمانیش دەنگ لەسەر پڕۆژەكە بدات و بیكات بە یاسا”.
لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەكرد، “گەلی كوردستان پێویستی بە یەكگرتووییە، چونكە ئاڵەنگارییەكانی بەردەممان گەورەن، گرنگیشە ڕێگە نەدرێت ناكۆكی نێوان لایەنەكان گەورەتر بكرێت بە پێچەوانەوە هەوڵبدرێت سازانێك بهێنرێتە كایەوە، كە خزمەت بە گەشەپێدان و نیشتیمان و بەرژەندییە باڵاكانی گەلەكەمان بكات”.
وتیشی، “پێشوازی و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەكی ئاشتی دەكەین، كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی نێوان لایەنەكان بدرێت چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ لەسەر ئاستی عێراق.”
حاكم قادر جەختیشی كردەوە، “دەبێت گوێ لە پێشنیازەكانی ھاوپەیمانان و دۆستەكانمان بگیرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، چونكە هەڵبژاردن مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە و یەكێتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەكاتی خۆیدا، بەڵام دەبێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و سەردەمیانە و دوور لە دەستێوەردان ئەنجام بدرێت.”