دوو كارمەندی سەر بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین-ن هەریەكەیان بڕێك پارە دەدۆزنەوە و دەگەڕێن بەشوێن خاوەنەكانیاندا تا دەیاندۆزنەوە و ڕادەستیان دەكەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەلایەن دوو كارمەندی هێزەكانیان لە بنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی قەڵادزێ لە دوو كاتی جیاوازدا دوو جار پارە دۆزراوەتەوە و دوای بەدواداچوون و دۆزینەوەی خاوەنەكانیان پارەكانیان ڕادەستكراوەتەوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ڕەنجدەر عەلی بڕی 600 هەزار دیناری دۆزیوەتەوە، دوای بەدواداچوون دەركەوت هی ژنێكی بەساڵاچوو بووە و پاش وەرگرتنی مووچەكەی لەبەردەم بانكی قەڵادزێ لێی كەوتووە و دواتر پارەكەی رادەستكراوەتەوە.
ئاشكراشی كردووە، سدیق محەمەد لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە قەڵادزێ بڕی یەك ملیۆن و 200 هەزار دیناری دۆزیوەتەوە، دوای بەدواداچوون دەركەوت هی هاووڵاتیەكە، كە لە ئەورووپا گەڕاوەتەوە و پاش ئەوەی ئاڵوگۆڕی بەدراو كردووە پارەكەی لێكەوتووە و دواتر پارەكەی رادەستكراوەتەوە.