وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند، بەتەواوبوونی پرۆژەی هەژماری من کەرتی بانکی لەهەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سودمەندی سەرەکی سیستەمەکە دەبن و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣-٥-٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە تیمی سەرپەرشتی پرۆژەی هەژماری من لە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەماوەی ٧ مانگی ڕابردودا پرۆژەی هەژماری من هەنگاوی یەکەم و قۆناغی تاقیکردنەوەی بەسەرکەوتویی بڕیوەو توانراوە هەژماری بانکی بۆ ٨٤١ فەرمانبەری نەخۆشخانەی مناڵبوون و ئافرەتانی هەولێر بکرێتەوەو لە ئێستادا لە ڕێگای سیستەمی ئەلیکترۆنیەوە مووچەکانیان پێ دەدرێت.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت:”پرۆژەکە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مووچە خۆرە دەبنە خاوەنی هەژمای بانکی تایبەت بەخۆیان”.
هەروەها وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە کەرتی بانکی لەهەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سودمەندی سەرەکی سیستەمەکە دەبن و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.