دوای چەند ڕۆژێك لە هێوربوونەوەی دۆخی سیاسی هەرێم، دووبارە ئاڵۆزی كەوتەوە نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و نوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی كوردستان لەسەر ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی ئەمڕۆ لەنێوان پەرلەمانتارانی ئەو دوو حزبە لە پەرلەمانی كوردستان ڕوویدا دەڵێت: ” ٣٢ ساڵ لە حكومرانی ئەوە بەرهەمەكەی بوو”.
عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پەرلەمانتارەكانی یەكێتی و پارتی لەسەر مافی خەڵك و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و مووچە دزراوەكان، پلەبەرزكردنەوە، فەرمانبەرانی گرێبەست، دەرچووی دانەمەزراو ئاوا شەڕە دەبەیان بكردایە، نەك بۆ بەرژەوەندی حزبی و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان.
ڕاشیگەیاند، ئەم پەرلەمانە هەموو شتێكی تێدا ڕوو دەدات تەنها بەرگری كردن نەبێت لەسەر مافی خەڵك وهاونیشتمانیان.
نوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی كوردستان دەپرسێت، “٣٢ ساڵ لە حكومرانی ئەوە بەرهەمەكەی بوو ؟”.
ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەسەر زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بووە شەڕ لەنێوان پەرلەمانتارانی یەكێتی و پارتی و سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، كە بەپێی دەسەلاتەكانی خۆی كۆتایی بە كۆبوونەوە دەهێنێت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری سووربوو لەسەر بەردەوامی كۆبوونەوەكە، ئەوەش ئاڵۆزی پەرلەمانتارانی لێكەوتەوە.
لە ئێستاشدا هەرچی پەرلەمانتارانی پارتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەیانە دەڵێن بە زۆرینە كۆمسیۆنیان كاراكردۆتەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە وتارێكدا لە ئاكرێ”دەستخۆشی لە پەرلەمانتاران كرد بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن” بەڵامڕێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێن: “كۆبوونەوە هەڵگیراوە و هەر بڕیارێك دوای ئەوە درابێت ناپەیڕەوی و نایاساییە و هیچ لێكەوتەیەكی نابێت”.
ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەی ناو پەرلەمان لەكاتێكدایە، كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەستی پێكردبووەوە دوای دەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی بۆ هێوربوونەوەی دۆخی سیاسی هەرێم و ڕەوینەوەی ناكۆكیی نێوان ئەو دوو حزبە.
شەڕكردن لەسەر هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و ناكۆكیی دوور و درێژی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر ئەو پرسانە لەكاتێكدایە، كە هەردووكیان پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی هەرێمن و هاووڵاتیان بەدەست چەندین قەیرانی وەك كارەبا و ئاو و سووتەمەنی و گرانی بازاڕ و وەستانی پڕۆژەكان دەناڵێنن و چەندین مووچەی فەرمانبەران نەدراوە و پلەبەرزكردنەوە 7 ساڵە ڕاگیراوە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست دانەمەزراون.