مەسرور بارزانی: نامانەوێت حكومەت بكەوێتە ناو ململانێی حزبییەوە



سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە پەرلەمانتاران دەكات بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دەشڵێت: “نامانەوێت حكومەت بكەوێتە ناو ململانێی حزبییەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە وتارێكدا لە ئاكرێ‌ ڕایگەیاند، ئەركەكانمان بەرامبەر بە حكومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ‌ كردووە و چاوەڕێین ئەوانیش پابەندییەكانی خۆیان جێبەجێ‌ بكەن.

ڕاشیگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا تیمی یەكێتی نەهاتنە ناو كۆبوونەوەكانی حكومەت، بەڵام دوای دەستپێشخەرییەكەی بارزانی، كێشەكان بەرەو چارەسەربوون چوون و وەزیرەكانی یەكێتی و جێگری سەرۆك وەزیران گەڕانەوە كۆبوونەوەكان لە هەفتەی ڕابردووەوە.

وتیشی، “نامانەوێت حكومەت بكەوێتە ناو ململانێی حزبییەوە و هەر كێشەیەك هەبێت نابێت كاربكاتە سەر كارەكانی حكومەت و ئەو كێشانەش هەبوون هەوڵی چارەسەركردنیان دراوە.

جەختیشی كردەوە، نابێت بهێڵین كێشەكان ببنە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن و ئەمڕۆش پەرلەمان بڕیاریدا بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بۆیە سوپاسی پەرلەمانتاران دەكەم بۆ ئەو بڕیارەی داویانە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ كێشە و ئاڵۆزی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ڕوویدا و سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بە كۆبوونەوە هێنا بەڵام فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، كە ئەوان بە زۆرینە كۆمسیۆنیان كاراكردۆتەوە و لەبەرامبەردا سەرۆكی پەرلەمان وتی، “بە دەسەڵاتی خۆی بەپێی پەیڕەو نەیانهێشتووە كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، چونكە كۆتایی بە كۆبوونەوە هێنراوە و هەر بڕیارێك درابێت بنەمای یاسایی نییە”.

سودانی و مالكی كۆبوونەوە
پێت سودانی و مالكی كۆبوونەوە
كەرنەڤاڵێكی گەورەی وەرزشی لە شارباژێڕ بەڕێوە دەچێت
دوات كەرنەڤاڵێكی گەورەی وەرزشی لە شارباژێڕ بەڕێوە دەچێت
پەیوەنیدر