بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەند کرا و سەرۆک وجێگری سەرۆک وەزیران سەرپشککران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بە پەلە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
دواتر گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرا، جەخت لەوە کرایەوە کە دابینکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی خەرجیەکان و مامەڵەکردنی وەک خەرجییەکی سیادی، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەرچی خەرجیە گشتیەکانی دیکەشە، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەرورانە و لە سەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان ، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، لە کۆبوونەوەکە دوای گفتوگۆ ، بڕیاردرا بە یەکخستنی ئەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکیدا وکۆتایی هێنان بە دابەشکاریی ڕێژەیی.
هەروەها بڕیاردرا، هەرچی زوو بەیەکەوەبەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات وخەرجیەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانیی خەرجیی بە مەبەستی هێنانەدیی هاوسەنگیی لە نێوان داهات و خەرجیەکان.
لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی ، کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە ، باس لە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرا کە ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانە ، هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لە پابەند بوون بە ڕێککەوتننامەی نەوتیی ٤-٤-٢٠٢٣ و بڕگەکانی هاتوو لە پڕۆژە یاسای بودجە کرایەوە، سوپاسی هەموو ئەوانەش کران کە ڕۆڵیان هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی کە لە پڕۆژە یاسای بودجە کرا بە ئاراستەی لابردنی ئەو دەستەواژانەی کە کۆتوبەندبوون لەسەر ناردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێم، و دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران وئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە یەک دەنگ داکۆکیان لە ماف وشایستە دەستووریەکانی هەرێم کردوەو هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن لە پێناوی دابینکردنی مووچە وبژێوی هاووڵاتیانی هەرێم لە بودجەی عێراقی فیدڕاڵ.
لە کۆبوونەوەکە ، داواشکرا حکومەتی فیدڕاڵیی و لایەنە سەرەکیەکانی پێکهێنەری کابینەی وەزاری، بە پێی دەستوور، پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و زامنکردنی شایستە ومافەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.