كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لە پیرمام كۆتایی هات، بەڵام نەگەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی و بڕیاریاندا، ” هەندێك بابەتی دیكە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە”.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەكردووە، “ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و ژمارەیەك پرسی دیكەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، تەوەری گفتوگۆكان بوون”.
ڕاشیانگەیاندووە، “لێكتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەكان هەبوو”.
جەختیشیان كردۆتەوە، “هەندێك بابەتی دیكە، كە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە، لە كۆبوونەوەكانی ئایندە، بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت”.
لەدوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی و كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسی ئەو دوو حزبە ئەمە دووەمین كۆبووونەوەیانە و پێشتریش چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە بۆ پرسی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی.
دواكەوتنی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێم و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان سەڕەڕای ناڕەزایی ناوخۆیی، كە چەند فراكسیۆنێك دەستیان لەكاركێشاوەتەوە و چەند پەرلەمانتارێكیش بایكۆتیان كردوە، هاوكات بۆتە پرسێكی جیهانی و جنین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق چەند جارێك هۆشداری لەبارەیەوە داوە و لەكۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان جارێكی دیكە ڕەخنەی لەدواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گرت.